کۆمپانیای دانەگاز بۆ کوردستان24: بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر دەست پێ دەکاتەوە

K24 – هەولێر:
کۆمپانیای دانەگاز ڕایگەیاند بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر دەست پێ دەکاتەوە و ڕێکاری پێویستیش دەگرنەبەر بۆ پاراستنی سهلامهتی كارمهندانیان لە کێڵگەکە.
ڕۆژی سێشەممە (30ـی نیسانی 2024) لە ڕاگەیەندراوێکدا کۆمپانیای دانەگاز کە وێنەیەکی بۆ کوردستان24 نێردراوە، جەختی لەسەر دەست پێ کردنی هەنگاوەکانی بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر کردووەتەوە.
کۆمپانیای دانەگاز ڕایگەیاندووە: بەگوێرەی ئەو هەنگاوە كردارییانەی گیراونەتەبەر لەلایەن هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستانەوە بۆ بەهێزتركردنی سیستمی بەرگریی كێڵگەی گازی كۆرمۆر و وەرگرتنی بەڵێن و پابەندبوون لە ئاستی باڵا، دانەگاز و هاوبەشەكانی دەستیان بە ڕێكاری پێویست بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان لە كێڵگەی كۆرمۆر، كردووە.
کۆمپانیای دانەگاز ئاماژەی بەوەش کردووە: دەستپێکردنەوەی کار لە کێڵگەی کۆرمۆر قۆناغ به قۆناغ جێبهجێ دهكرێت و ڕێکاری پێویست دەگیرێتەبەر بۆ پاراستنی سهلامهتیی كارمهندان و شوێنی كاركردن له كێڵگهكهدا.
ڕۆژی هەینی (26ـی نیسانی 2024) هێرشێکی درۆنی کرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر و لە ئەنجامدا چوار کارمەندی یەمەنی کێڵگە کوژران و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون، ئەمەش دووەم هێرشی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر بوو لەمساڵدا.
دوای هێرشەکەش، هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاگادارییەک بۆ هاوبەشانی کارەبا ئاماژەیان بەوە کرد: "بەهۆی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر کێلگەی کۆرمۆر، ناردنی گاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی کارەبا ڕاوەستاوە و بەهۆیەوە نزیکەی 2500 مێگاوات کارەبا کەم بووەتەوە".
ڕۆژی هەینی (26ـی نیسانی 2024) پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: دەستی خراپەکاری و تێکدەرانە جارێکی دیکە لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا کێڵگەی گازی کۆرمۆریان کردە ئامانج کە بەداخەوە تا ئێستا چوار کارمەندی یەمەنی شەهیدبوون، جگە لەوەش زیانێکی زۆر بەر کێڵگەکە کەوتووە، کە ئەم زیانەش کاریگەری دەبێت لەسەر کەمبوونەوەی کارەبا بە شێوەیەکی بەرچاو.