سەدر: یەکی ئایار ڕۆژی کرێکاران نییە، بەڵکو ڕۆژی بەکرێ گیراوانە

K24 - هەولێر

موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە تۆڕی کۆمەڵاتیی ئێکس پەیامێکی بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی کرێکارانەوە بڵاوکردەوەو یەکی ئایار بە ڕۆژی بەکرێگیراوان ناو دەبات و ڕەخنەش لە یاسا بەرکارەکانی عێراق دەگرێت.

سەدر لە پەیامەکەیدا ئاماژەیداوە، زیادەڕەوی ناکەم ئەگەر بڵێم ١ی ئایار ڕۆژی کرێکاران نییە، بەڵکو ڕۆژی بەکرێ گیراوانە لەبەر ئەوەی بیرۆکەکە ڕۆژئاواییە و هیچ لۆژیکێک لەوەدا نییە کرێکاران بە بۆنەی یەکی ئایار ئاهەنگ بگیڕێت لە کاتێکدا ئازار دەچێژێت و هیچ مافێکی نەبێ و تەنیا ملکەچی ئەرکەکانی بکرێت.

ڕێبەری ڕەوتی سەدر ڕەخنە لە یاسا بەرکارەکانی دەگرێت و ئاماژەیداوە، هیچ دەستەبەرییەک بۆ کرێکاران نییە بەرانبەر ئەو مەترسیانەی لە سەر کارەکانیان ڕووبەڕووی دەبنەوە. دەشڵێت: دڵنیام، ئەگەر کرێکاران نەبونایە، وڵاتان بنیاد نەدەنران و دروست نەدەبوون، بەڵام بۆ مافی کرێکاران تەنیا چەند یاساییەکی سڕکراو و پەکخراو هەیە کە نە سوودی بۆیان هەیە و نە تێریان دەکات. هەربۆیە ڕۆژی کرێکاران تەنیا دروشم و وتاردان نییە لێرە و لەوێ، بەڵکو دەبێت کرێکاران لە بنیاتنانەوە، ئاوەدانکردنەوە، خۆشگوزەرانی و پێشکەوتن پێشەنگ بن و ڕێزیان لێ بگیرێت و مافەکانیان بۆ بگەڕێندرێتەوە.

Fly Erbil Advertisment