وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا سەدان كەس و دامەزراوە و كۆمپانیای عێراقی سزا داوە

ئاڵاکانی عێراق و ئەمەریکا
ئاڵاکانی عێراق و ئەمەریکا

K24 - هەولێر

تا دێت لیستی گرووپ و كەسە سزادراوەكانی عێراق لە لایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكاوە درێژتر دەبێت.

سزاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا یەکێکە لەو ڕێوشوێنانەی، ئەمەریکا لە دژی ئەو کەس و لایەنانەی بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەزانێت و سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکە پێشێل دەکەن، دەگرێتەبەر.

 بەگوێرەی ئەو لیستەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا بڵاویكردووەتەوە، تاوەكو ئێستا بە سەدان كەس، دامەزراوە و كۆمپانیا و گرووپ لە عێراق سزایان بەسەردا سەپێنراوە. سزاکانیش بریتین لە بلۆككردنی سەروەت و سامانی دارایی، قەدەغەی بازرگانی و گەشت كردن و ڕێوشوێنی دیکەی ئابووری و یاسایی.

پێش ساڵی 2003 سزاكانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا بەشێک لە ئەندامانی حزبی بەعسی عێراقی لەخۆگرتبوو، كە دیارترینیان سەرۆككۆمار، وەزیری دەرەوە و بەرگری پێشووی عێراق بوون، لەگەڵ ئەمینداری حزبی بەعس.

لەلایەكی دیكەوە ئەمەریكا تاوەكو ئێستا چەندین كەس و كۆمانیای عێراقی بە تۆمەتی ھاوكاریكردن لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران خستووەتە لیستی سزاكانییەوە، كە دیارترینیان مەكی كازم ئەسەدی، محەمەد جاسم سادق، كۆمپانیای فلای بەغدا و بانکی ھاوكاری ھەرێمی ئیسلامین.

حەشدی شەعبی ئامانجێكی دیكەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا بووە، كە تاوەكو ئێستا بە دەیان كەس لە سەركردە و ئەندامانی خراونەتە لیستی سزاكانی وەزارەتەكەوە، لەوانە  سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهل حەق و ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی بابلیۆن.

كەتیبەكانی حزبوڵڵای عێراقی لەلایەن ئەمەریكاوە سەرنجێكی تایبەتی خراوەتە سەر، لەو چوارچێوەیەشدا چەندین كەس لە سەركردەی ئەو گرووپە لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا سزادراون، كە دیارترینیان، عەدنان یونس حەمیداوی، ریاز عەلی حوسێن عەزاوی، جەعفەر حوسێنی و حوسێن محەمەد جابر موسەوین.

بە درێژایی ساڵانی رابردوو عێراق ھەمیشە ناوەندێكی دیاریی سەرھەڵدانی گرووپە توندرەوەكان بووە، لەوانە داعش و قاعیدە كە ئەمەریكا بەردەوام ئەم گرووپانەی خستووەتە لیستی سزاكانییەوە، ئەمە جگە لەو کەس و لایەنانەی پەیوەندییان بەو رێكخراوانە ھەبوو.

عێراق كە چەندین میلیشیا و گرووپی چەكداری نایاسایی لەخۆدەگرێت و ھەریەكەیان ئایدۆلۆژیای تایبەت بە لایەنێكی دەرەكی پەیڕەو دەکەن، لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكاوە بە تووندی سزادراون كە گرنگترینیان كەتیبەكانی حزبوڵڵای عێراق، عەسائیبی ئەھلی حەق، بزووتنەوەی نوجەبان.

 ھەروەھا لە لیستەكەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكادا ناوی دەیان كەسی دیكە بەرچاو دەكەوێت كە پێشتر و ئێستا پلە و پۆستی حكومیشیان ھەبووە، لەوانە پارێزگاری پێشووی سەڵاحەددین و پارێزگاری پێشووی نەینەوا و  پارێزگاری پێشووی بانکی ناوەندی.