دانەگاز: بەرهەمهێنان لە کۆرمۆر ئاسایی بووەتەوە

لۆگۆی کۆمپانیای دانەغاز
لۆگۆی کۆمپانیای دانەغاز

K24 – هەولێر:

کۆمپانیای دانەگاز ڕایده‌گه‌یه‌نێت ئاستی بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر ئاسایی بووەتەوە.

بەپێی راگەیەنراوی دانەگاز، ئاستی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی کۆرمۆر گەیشتووەتەوە سەرووی 500 ملیۆن پێ سێجا گازی سروشتی و هەزار و 100 تۆن گازی شل و 15 هەزار کۆندەنسەیت.

ئاماژە بەوەش کراوە؛ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی کۆرمۆر هاوکاتە لەگەڵ پابەندییەکانی هەردوو حکومەتی عێراق و حكوومه‌تی هەرێمی كوردستان بۆ پاراستنی ئاساییش و سەلامەتی کێڵگەکە.

دانەغاز جەختی کردووەتەوە، پابەندە بە پاراستنی ئەوپەڕی سەلامەتیی کرێکارانی کە لە کڵگەکەدا کار دەکەن.

دووپاتیشی دەکاتەوە بەردەوام دەبێت لە پشتیوانییکردنی پرۆسەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە کوردستان.

ئەمە لەکاتێکدایە ئێوارەی ڕۆژی هەینی (26ـی نیسانی 2024) بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە قەزای چەمچەماڵ، کە بەهۆیەوە چوار کارمەند گیانیان لەدەستدا و بەرهەمهێنانی کارەباش 2 هەزار و 500 مێگاوات کەمبووەوە.

بەشێوەیەکی گشتی ئاستی بەرهەمهێنانی گاز لە کۆرمۆر ڕۆژانە 520 ملیۆن پێ سێجایە و پلانەکە بەشێوەیەکە کە لەمساڵدا ئاستی بەرهەمهێنان بۆ 750 ملیۆن پێ سێجا بەرز بکرێتەوە.