ڕۆژنامەیەک.. ترەمپ پلانێکی بۆ کۆتاییهێنان بەشەڕی وڵاتان هەیە

K24 - هەولێر

ڕۆژنامەی دەیلی تەلەگراف بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاوی کردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا پلانێکی وردی داڕشتووە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ئاشتیانە کێشەکان لە ئۆکرانیا کۆتایی پێ بهێنێت.

ئەو سەرچاوەی نزیک لە ترەمپ گوتی: پلانێک هەیە، بەڵام ترەمپ باسی ناکات بۆ ئەوەی هەموو کاریگەرییەکانی لەدەست نەدات، تاکو دوای هەڵبژاردنەکان.

ئاماژەی بەوەش کرد، ترەمپ لەبری ئەوە سەرنجی لەسەر ئەو پەیامە سادەیە دەبێت کە توانای وەستاندنی ململانێکانی هەیە، ئەمەش لە هەوڵێکدا بۆ بەدەستهێنانی دەنگی ئەو دەنگدەرانەی کە چارەی ئاشتییانەی ئەویان پێ باشترە.

گوتیشی: دەیەوێت کۆمەڵکوژییەکە بوەستێنێت، بەدروشمی "ترەمپ کۆمەڵکوژییەکە دەوەستێنێت"، ئاماژەیە بۆ ئەو دروشمانەی کە کاندیدە سیاسییەکان بانگەشەی بۆ دەکەن.

ترەمپ پێشتر لە میانەی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ گۆڤاری تایم جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر بگەڕێتەوە کۆشکی سپی، هەوڵی هاوکاریکردنی ئۆکرانیا دەدات، بەڵام ئەوروپاش دەبێت پشکی دادپەروەرانەی خۆی بدات.

سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا پێشتر ڕایگەیاندبوو، دەتوانێت کۆتایی بە ململانێکانی ئۆکرانیا بهێنێت بە گوشار خستنە سەر ڕژێمی کیێڤ بۆ ئەوەی دەستبەرداری نیمچە دوورگەی کریمە و دۆنباس بێت بۆ ڕووسیا.