ئامادەسپۆر خەونی هاندەرانی هێنایە دی
یانەی ئامەدسپۆری باکووری کوردستان لەبەردەم زیاتر لە هەزاران هاندەری خاڵێكی لە میوانەكەی وەرگرت و بە پاڵەوانبوون كۆتایی بەم وەرزەی خولی پلەدووی توركیا هێنا.
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، 4 ـ 5 ـ 2024، لە دوایین گەڕی خولی پلەدووی توركیا، یانەی ئامەدسپۆر لە نێو یاریگەی خۆی میوانداریی یانەی بەلەدییەسپۆری كرد، یارییەكەش بە یەكسانبوون بەبێ گۆڵ كۆتایی هات. ئەمەش لە كاتێكدا بوو ئامادەسپۆر لە یاریی رابردوو كە گەڕی پێشكۆتایی خولەكە بوو لە شكستی بە یانەی سۆماسپۆر هێنا و گەیشتنی بۆ خولی پلەیەكی توركیا مسۆگەر كرد بوو.
ڕۆژی (26ـی ئابی 2023) یانەی ئامەدسپۆر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی خۆی، پێش دەستپێکردنی خولی ئەمساڵ، درێسی نوێی یانەکەی بە گۆڕانی کوردییەوە بڵاوکردەوە، کە یاریزانەکانی یانەکە لە ڤیدیۆیەکەدا لە کۆڵانێکی ئامەد یاریی لەگەڵ چەند منداڵێک دەکەن و درێسی یانەکەش لە ڕەنگەکانی سەوز و سوور دیزاین کراوە کە ئەو دوو ڕەنگە سیمبوڵی یانەکەن، ئەوكات بەڵێنی گەیشتنیان بە خولی پلەیەكی توركیا بە هاندەرەكانیان دا و بەڵێنەكەشیان جێبەجێ كرد.
ئامەدسپۆر لە باکووری کوردستان ساڵی 1972 دامەزراوە و لەوەتەی وەرزی 2013/2014 لە خولی پلەدووی تورکیا یاریی دەکات، وەرزی رابردوو ئامەدسپۆر بە کۆکردنەوەی 60 خاڵ پلەی چوارەمی بەدەستهێنا، بەڵام لە پاڵاوتنەکان نەیتوانی بگاتە ریزی یانە پلە یەکەکان، بەڵام ئەمساڵ ئامانجەكەیان پێكا و بوونە پاڵەوان.
