هەولێر؛ یەکەمین کۆنفرانسی کەرتی دڵنیایی بەڕێوە دەچێت

یەکەمین کۆنفرانسی کەرتی دڵنیایی لە هەولێر بەڕێوەدەچێت
یەکەمین کۆنفرانسی کەرتی دڵنیایی لە هەولێر بەڕێوەدەچێت

K24 - هەولێر

لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پشتگیریی و پەرەپێدانی کەرتی دڵنیایی؛ یەکەمین کۆنفرانسی دڵنیایی لە هەولێر بەڕێوە دەچێت.  ئامانج لە پێشخستنی کەرتەکە، پشتیوانیی و مسۆگەرکردنی قەرەبووکردنەوەی زیانەکان و ڕەخسانی هەلی کارە.

لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێـمی کوردستان بۆ برەودان بە کەرتی دڵنیایی، وەزارەتی دارایی و ئابووری، یەکەمین کۆنفرانسی دڵنیایی بەڕێوە دەبات. 

لە درێژەی گەشەکردنی بازاڕی دڵنیایی لە هەرێمی کوردستان هەشت کۆمپانیایی خۆماڵیی کوردستانی و لقی دوو کۆمپانیایی سەر بە وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ و شەش کۆمپانیای کەرتی تایبەتیش لە هەرێمی کوردستان لە بواریی دڵنیاییدا کار دەکەن.

ئامانجی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە برەودان بەم کەرتە دەگەڕێتەوە بۆ پشتیوانیی و مسۆگەرکردنی قەرەبووکردنەوەی هەر زیانێک کە بەر جموجۆڵی بازرگانی، وەربەهێنان و بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستان دەکەوێت.

بۆ ئەوەی زۆرترین کۆمپانیا و براندی جیهانیی بێنە هەرێمی کوردستان و سەرمایەکانیان لە پڕۆژەی جۆراوجۆردا بخەنە وەبەر‌هێنانەوە، وەک چۆن خەڵک و دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بە دڵنیاییەکی زۆرتر و ئارامییەکی باشترەوە، کار و کەسابەت دەکەن.

داهاتی تاک، کۆمەڵگە، کۆمپانیاکان و داهاتی گشتی زیاد دەکات. هاوکات سەرمایەی لایەنی دڵنیاییخواز لە لایەن کۆمپانیاکانی دڵنیاییەوە لە بواری وەبەرهێنان دەخرێتەگەر و ژێرخانێکی باشتری ئابووری دروست دەکات.

ئامانجێکی دیکەی فراوانبوون و کارابوونی سێکەرتی دڵنیایی بریتییە لە ڕەخساندنی هەلی کار و کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری، ئەمە جگە لەوەی ئەو کێشە کۆمەڵایەتییانەش نامێنن کە لە ئەنجامی نەبوونی سێکتەرێکی کارایی دڵنیایی درووست دەبن.

Fly Erbil Advertisment