کەمال وەرتی: کەرتی دڵنیایی یەکێکە لە کۆڵەکە بەهێزەکانی هەمەچەشنکردنی داهاتی ناوخۆ

K24- هەولێر

بەڕێوەبەری گشتیی باج و خانووبەرەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پەیوەندی ڕاستەوخۆ لە نێوان کەرتی دڵنیایی و کەرتی باج هەیە، هەروەها کەرتی دڵنیایی یەکێکە لە کۆڵەکە بەهێزەکانی هەمەچەشنکردنی داهاتی ناوخۆ.

د. کەمال وەرتی، بەڕێوەبەری گشتیی باج و خانووبەرەی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ڕێکخستنی ئەو کۆنفرانسانە گرنگی و بایەخی تایبەت بەخۆی هەیە، بەتایبەت هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەو قەیران و ئاڵنگارییانە بە قۆناغێکی هەستیاردا تێ دەپەڕێت.

وەرتی گوتیشی: پەیوەندی ڕاستەوخۆ لە نێوان کەرتی دڵنیایی و کەرتی باج هەیە، هەروەها کەرتی دڵنیایی یەکێکە لە کۆڵەکە بەهێزەکانی هەمەچەشنکردنی داهاتی ناوخۆ، بەڵام بەداخەوە هەرێمی کوردستان لەماوەی ڕابردوودا بەهۆی ئەو قەیرانانەی ڕووی تێ کردووە، نەیتوانیوە بایەخ بەو کەرتە گرنگە بدات، بەڵام ئەو کۆنفرانسە دەرفەتێکی باشە بۆ ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکان بیقۆزنەوە و بایەخی پێ بدەن. چونکە دەتوانێت ببێتە سەرچاوەیەکی زۆر باشی داهات بۆ هەرێمی کوردستان.

بەڕێوەبەری گشتیی باج و خانووبەرەی هەرێمی کوردستان دەڵێت: حکوومەت و کۆمپانیاکان و هاووڵاتیانیش دەبێت ئەو دەرفەتە بەکار بهێنن بۆ ئەوەی خۆیان لەو مەترسییانە بپارێزن کە ڕۆژانە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.

باسی لەوەش کرد، پێویستە حکوومەت ئاسانکاریی بۆ خەڵک دابین بکات و یاسایی ڕوون و ئاشکار دابنێت، بۆ ئەوەی خەڵک بتوانێت بەباشترین شێوە سوود لە خزمەتگوزارییەکان وەربگرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 05-05-2024، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پشتگیریی و پەرەپێدانی کەرتی دڵنیایی؛ یەکەمین کۆنفرانسی دڵنیایی لە هەولێر بەڕێوە دەچێت. ئامانج لە پێشخستنی کەرتەکە، پشتیوانیی و مسۆگەرکردنی قەرەبووکردنەوەی زیانەکان و ڕەخسانی هەلی کارە.

Fly Erbil Advertisment