عەبدولکەریم خەسرۆ: کۆمپانیاکانی کەرتی گشتیی خەرجیان زیاترە لە داهاتەکانیان

K24 – هەولێر

سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون ڕایگەیاند، ئەزموونی کەرتی گشتیی لە عێراق شکستی هێناوە، ئەگەر سەیری کۆمپانیاکانی کەرتی گشتیی بکەین خەرجیان زیاترە لە داهاتەکانیان.

عەبدولکەریم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، لە پانێڵی یەکەمین کۆنفرانسی کەرتی دڵنیایی لە هەولێر کە کوردستان24 سپۆنسەری دەکات گوتی: ئێمە کۆمپانیای کەرتی گشتی دڵنیاییمان هەڵوەشاندەوە کردوومانە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی، ئێستا دووبارە داوا دەکرێت کۆمپانیای کەرتی گشتیی دابنرێتەوە ئەوەش کارێکی ترە.

 عەبدولکەریم خەسرۆ دەڵێت: ئاراستەیەک دروست ببوو کە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت دەتوانن بە تەنیا کارەکانیان بکەن، بەڵام ئەزموونی کەرتی گشتی بۆ بەرەوەپێشبردنی کەرتێکی دیار ئەو ڕۆڵە دەبینێت، بەڵام بەداخەوە ئەزموونی کەرتی گشتیی لە عێراق شکستی هێناوە، لەبەر ئەوەی لە چوارچێوەی کەرتی ئیشتراکی ماوەتەوە، لەهەمان کاتیشدا بووەتە بارگرانیی لەسەر بودجەی گشتی.

ڕاشیگەیاند، ئەگەر سەیری کۆمپانیاکانی کەرتی گشتیی بکەین خەرجیان زیاترە لە داهاتەکانیان، کە ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی لە عێراقیش پێداچوونەوە بە کەرتی گشتییدا بکرێت، بەوەی بەشێکیان تێکەڵ بکرێن و بەشێکیشیان هەڵبوەشێتەوە و بەشێکی دیکەش پیداچوونەوەیان بۆ بکرێت.

باسی لەوەش کرد، ئێمە یاسایی 21ـی ساڵی 1997مان هەیە کە یاسای دامەزراندنی کۆمپانیای کەرتی تایبەت و تێکەڵاوە و لە هەرێمی کوردستان کاری پێ دەکرێت، بەڵام یاسای 22ـی ساڵی 1997، کە یاسای دامەزراندنی کۆمپانیای گشتییە، جێبەجێ نەکراوە، بۆیە ئێمە ناتوانین کۆمپانیایەکی کەرتی گشتیی دامەزرێنین.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 05-05-2024، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پشتگیریی و پەرەپێدانی کەرتی دڵنیایی؛ یەکەمین کۆنفرانسی دڵنیایی لە هەولێر بەڕێوە دەچێت. ئامانج لە پێشخستنی کەرتەکە، پشتیوانیی و مسۆگەرکردنی قەرەبووکردنەوەی زیانەکان و ڕەخسانی هەلی کارە.

Fly Erbil Advertisment