بێگەرد تاڵەبانی: لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق قسە دەکەین بۆ ئەوەی غەدر لە جووتیارانی کوردستان نەکرێت
K24 - هەولێر:
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵ کۆ دەبنەوە، بۆ ئەوەی ڕێگە بگرن لەوەی ڕێژە بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی کوردستان دابنرێت.
ئەمڕۆ یەک شەممە(5 ی ئایاری 2024)، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24 ی ڕاگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ لەگەڵ محەمەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵ و وەزیری بازرگانیی سەبارەت بە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی کوردستان کۆببنەوە.
لە چوارچێوەی کۆنفرانسی ڤێتێنەری لە بەغدا، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ئاماژەی بەوە کرد، ئەمساڵ پشت بە ڕووپێوی دەبەستن بۆ داتاکان، گوتیشی: ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق باس لە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دەکەن، دووپاتی کردەوە، هەوڵ دەدەن بە هەمان شێوەی جووتیارانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق مامەڵە لەگەڵ جووتیارانی هەرێمی کوردستان بکرێت، ناکرێت ڕێژەی گەنم بۆ جووتیارانی هەرێمی کوردستان دابنرێت، دەڵێت: بە دانانی ڕێژە غەدر لە جووتیارانی کوردستان دەکرێت.
بێگەرد تاڵەبانی ئاشکرای کرد، ئەمساڵ سێ ملیۆن دۆنم زەوی لە هەرێمی کوردستان بە گەنم چێندراوە ونرخی هەر تۆنێک گەنم بە 850 هەزار دینار وەردەگیرێت.