وەزیری خوێندنی باڵا: دیداری خوێندنی باڵای ئوردنی – کوردستان، هەنگاوێکی زانستیی گرنگە

K24 - هەولێر
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دیداری خوێندنی باڵای ئوردنی- کوردستان، دەسکەوتێکی زانستییە، ئومێدەوارین لە بواری بەکردەییکردن و کەوتنە بواری جێبەجێکردنی ئەو بوارانەی کە باس کران، سوودی باشی بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و کوردستان هەبێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 5ـی ئایاری 2024، د. ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بە گەلی ئێمە و گەلی ئوردون ڕادەگەیەنین، ئەم دیدارە دەستکەوتێکی ئێجگار زانستییە، ئومێدەوارین لە بواری پراکتیزە کردن و کەوتنە بواری جێبەجێکردن، سوودی باشی بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و کوردستان بەگشتی هەبێت.
بەگوتەی ئەو وەزیرە، "هیوادارین شاندی خوێندنی باڵای ئوردن، ئەو ماوەی لە هەرێمی کوردستانە، چێژێکی باش لە دیمەن و سروشتە دڵگیرەکەی هەرێمی کوردستان ببینن، لەناو میهرەبانی و دڵسۆزانی خەڵکی کوردستان کاتێکی خۆش بەسەر بەرن." هەروەها گوتیشی، "ئەمە هەنگاوی یەکەمی کارەکەمانە، بێگومان هەنگاوی دیکەشی بەدوادا دێت، سوود و دەسکەوتی بۆ هەموو لایەکیش دەبێت."
ئەو وەزیرە گوتیشی: "دەستکەوتی گرنگی زانستی بۆ زانکۆکانی ئێمە پاڵپشتییەکی گەورەیە، بۆ متمانە بەخشین و بابەتی دان پیانان لە کوالێتی خوێندن، لە عێراق و ناوچەکەدا، پێویستە".
ئارام محەممەد ڕاشیگەیاند، "لە هەنگاوەکانی داهاتوودا هەنگاوەکان بەرفراوانتر و باشتر دەکەین، ئەم پەیوەندییەی نێوان شانشینی ئوردنی لەگەڵ ئێمە نەک هەر لە بواری زانستی، بەڵکو لە بواری سیاسی و بازرگانی و بوارەکانی دیکەش پەرەپیدەدەین و پەیوەندییەکان بەر فراوانتر دەکەین."
ئەمڕۆ یەکشەممە، 05-05-2024، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دیداری خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان و ئوردن لەژێر ناونیشانی (وێناکردنی ئایندە لە ڕێگەی پەرەپێدانی بەردەوام) لە هەولێری پایتەخت، بە بەشداریی شاندێکی باڵای وەزارەتی خوێندنی باڵای ئوردن و ژمارەیەکی زۆر لە زانکۆکانی ئوردن و هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو.
لە دیدارەکەدا، سەرۆکی حکوومەت گوتارێکی پێشکەش کرد وجەختی لەوە کردەوە، "پێشخستن و پەرەپێدانی خوێندن و ناوەند و دامهزراوه ئەکادیمییەکانمان، یەکێکە لە کارە لە پێشیەکانمانن و دەمانەوێ زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمییەکانی ئێمە، له ئاستی پێشکەوتنە خێراکانی ئەم سەردەمەدا بن و ببنه یارمهتیدهری پرۆسهی گهشهپێدانی ژێرخانی ئابووریمان".