ڕۆلان بابان: خەڵک دڵنیایی بکات حکوومەت لە زۆر شت ڕزگاری دەبێت

K24 - هەولێر

جێگری بەرێوەبەری گشتی یەکێک لەکۆمپانیاکان ڕایگەیاند، هەر کۆمپانیایەکی دڵنیایی دەبێت سەرمایەکەی زیاتر لە 15 ملیار دینار بێت، هەروەها خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان، ڕۆشنبیری دڵنیایی زۆر کەمە.

ڕۆلان بابان، جێگری بەرێوەبەری گشتی یەکێک لەکۆمپانیاکان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هەر کۆمپانیایەکی دڵنیایی دەبێت سەرمایەکەی زیاتر لە 15 ملیار دینار بێت، هەروەها کۆمپانیا دەبێت پێشەکییەکی پارە لە وەزارەتی دارایی و ئابووری دابنێت. ئەمەش بۆ مافی ئەوکەسەیە کە دڵنیایی کردووە.

ڕۆلان بابان، ئاماژەی بەوەشکرد، هەریەکێک ئەگەر بیەوێت دڵنیایی بکات بۆ نموونە کەسێک دەیەوێت کۆگاکەی دڵنیایی بکات ئەوە لیژنەیەک دەچێت پشکنینی بۆ دەکات، هەروەها بەهای ئەو کەل و پەلانەش دەخەملێنێت. هەتاوەکو مەرجەکانی سەلامەتی زیاتر بێت نرخەکەی هەرزانتر دەبێت.

باسی لەوەشکرد، خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان، ڕۆشنبیری دڵنیایی زۆر کەمە، بەڵام ئەگەر خەڵک ناچار کرا، ئەوە حکوومەت لە زۆر شت ڕزگاری دەبێت، وەکو ئەو قەرەبوکردنەوانەی لافاو و سووتان زۆرێک لە ڕووداوەکانی دیکە. چونکە ئەو کەسەی زیانمەندە لەگەڵ کۆمپانیاکە قەرەبووەکەی خۆی وەردەگرێتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 05-05-2024، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پشتگیریی و پەرەپێدانی کەرتی دڵنیایی؛ یەکەمین کۆنفرانسی دڵنیایی لە هەولێر بەڕێوە دەچێت. ئامانج لە پێشخستنی کەرتەکە، پشتیوانیی و مسۆگەرکردنی قەرەبووکردنەوەی زیانەکان و ڕەخسانی هەلی کارە.

 

 

Fly Erbil Advertisment