مەئموون محەممەد: دیداری خوێندنی باڵای ئوردنی-کوردستانی دەروازەیەکە بۆ ئاڵوگۆڕی زانستی نێوان هەردوولا

مەئموون محەممەد، سەرۆکی شاندی زانستی ئوردن
مەئموون محەممەد، سەرۆکی شاندی زانستی ئوردن

K24 – هەولێر:

وێناکردنی ئاییندە لە رێگەی پەرەپێدانی بەردەوام، ناونیشانی دیداری خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان - ئوردنە، کە بە بەشداری 80 زانکۆ و دامەزراوەی زانستی لە شاری هەولێر دەستی بە کارەکانی کرد و چوار رۆژ بەردەوام دەبێت.

مەئموون محەممەد، سەرۆکی شاندی زانستی ئوردن تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، دەیەوێت ئاماژە بەو پەیوەندییە قووڵەی نێوان سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان و شانشینی ئوردن بکات، کە هەر ئەو پەیوەندییە وایکرد ئەو دیدارە گرنگەی ئەمڕۆ رێکبخرێت.

سەرۆکی شاندی زانستی ئوردن سوپاسی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەکات کە ئەمڕۆ سەرپەرشتی بەڕێوەچوونی دیداری خوێندنی باڵای ئوردنی-کوردستانی کرد. ناوبراو گوتی: سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خەمخۆرێکی گەورەی خوێندن و فێربوونە.

نابوراو گوتیشی: ئەمڕۆ رێککەوتن و لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش لەگەڵ کۆمەڵێک زانکۆی هەرێمی کوردستان واژۆ دەکەین پێکەوە ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکانمان دەکەین.

لای خۆیەوە ئاریانا خاڵس جەواد، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای کوردستان بۆ پسپۆرییە پزیشکییەکان بە کوردستان24ـی گوت: ئەزموونێکی سەرکەوتوومان لەگەڵ وڵاتی ئوردن هەیە، ئوردن و کوردستان لە داهاتوودا دەتوانن ئاڵوگۆڕی زیاتری زانستییان هەبێت و سوود لە ئەزموونی یەکتر وەربگرن.

ئەمڕۆ یەکشەممە (5ـی ئایاری 2024) بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دیداری خوێندنی باڵای ئوردنی - کوردستان لەژێر ناونیشانی (وێناکردنی ئایندە لە ڕێگەی پەرەپێدانی بەردەوام) لە هەولێری پایتەخت، بە بەشداریی شاندێکی باڵای وەزارەتی خوێندنی باڵای ئوردن و ژمارەیەکی زۆر لە زانکۆکانی ئوردن و هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو.