دڵشاد شەهاب بۆ کوردستان24: هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پرسێکی نێوخۆییی هەرێمی کوردستان و عێراقە
K24 – هەولێر:
گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پرسێکی ئەوەندە ئاڵۆز نییە کە پێویستیی بە هاوکاریی دراوسێکان یان ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بێت و جەختیکردەوە کە هەڵبژاردن پرسێکی نێوخۆیی هەرێمی کوردستان و عێراقە.
ڕۆژی یەکشەممە (5ـی ئایاری 2024) دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش وەک دۆستەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی بەلاوە گرنگە بەڵام هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پرسێکی نێوخۆییی عێراقی و هەرێمی کوردستانە و لەگەڵ دامەزراوە فیدراڵییەکان ڕێک دەخرێت.
دڵشاد شەهاب گوتیشی: هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پرسێکی ئەوەندە ئاڵۆز نییە، کە پێویستیی بە هاوکاریی دراوسێکان یا ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بێت.
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کە لەگەڵ شاندی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان سەردانی تارانی کردووە ڕایگەیاند، سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تاران لەسەر بانگهێشتی فەرمیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە.
لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، دڵشاد شەهاب ئاشکرای کرد: پرسی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان و ڕێزگرتن لە دراوسێیەتی ئەو پرسانەن کە بەلای هەرێمی کوردستانەوە گرنگن و لەو دیدارانەدا باسیان لێوە دەکرێت.
ڕۆژی یەکشەممە (5ـی ئایاری 2024) نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تارانی پایتەختی کۆماری ئیسلامی ئێران.
پێشتریش نازم دەباغ، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، لەبارەی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئێران، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ بە سەردانێکی فەرمی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەگاتە ئێران و سبەی دیدارەکانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە دەستپێدەکات و کۆمەڵێک پرسی گرنگ تاوتوێ دەکەن.
هاوکات ئەمڕۆ یەکشەممە (5ـی ئایاری 2024) فەوزی ھەریری، سهرۆکی دیوانی سهرۆکایهتی ھەرێمی كوردستان لەبارەی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "سەرۆکی هەرێمی کوردستان چەندین جار بە شێوەیەکی فەرمی بانگهێشتی تاران کراوە، ئێستا دۆخەکە گونجاو بوو، بۆ ئەوەی سەردانەکە بکرێت".
هەر ئەمڕۆ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، نێچيرڤان بارزانى له ميانى سهردانهكهيدا بۆ تاران، لهگهڵ بهرپرسانى باڵاى كۆمارى ئيسلاميى ئێران كۆدهبێتهوه و دهربارهى برهودان به پهيوهندييهكانى ئێران لهگهڵ عێراق و ههرێمى كوردستان و هاريكاريى هاوبهشى نێوانيان، ههروهها دهربارهى پێشهاتهكانى ناوچهكه بهگشتى، گفتوگۆ دهكهن.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، شاندەکە لە جێگرانى سهرۆكی هەرێم و وهزیری ناوخۆی حکوومهتی ههرێمی کوردستان و سهرۆکی دیوانی سهرۆکایهتی و ژمارهيهك له بهرپرسانى ههرێمى كوردستان پێكدێن.