محەممەد حەكیم: نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران پرسی ئەمنی و ئابووری تاوتوێ دەکەن
K24 – هەولێر:
شرۆڤەكارێکی سیاسی دەڵێت: سبەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران کۆدەبێتەوە، کۆبوونەوەی نێوانیشیان دەرخەری گرنگی سەردانەکەیەوە و دیارترین دۆسییەکانیش کە گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت ئابووری، سیاسی و ئەمنی دەبن.
محەممەد حەكیم، شرۆڤەکاری سیاسی، لەبارەی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئێران بە کوردستان24ـی راگەیاند، سەردانەکەی ئەمڕۆی نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران زۆر گرنگە و لە بارودۆخێکی زۆر هەستیاردایە، هەروەها بارودۆخەکە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق یەکلاکەرەوەیە.
ئەو شرۆڤەکارە سیایسیە دەڵێت: ئەو سەردانە چەندین پەیامی هاوبەشی تێدایە، تاوتوێی پەیوەندی هاوبەشی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان دەکرێت، هاوکات تاوتوێی بارودۆخ و دوا پەرەسەندنەکانی ناوچەکەش دەکرێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ رێبەی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران کۆدەبێتەوە، ئەمەش یەکەمجارە رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ سەرۆکی هەرێمێک کۆبێتەوە، کۆبوونەوەی نێوانیشیان دەرخەری گرنگی سەردانەکەیەوە و دیارترین دۆسییەکانیش کە گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت ئابووری، سیاسی و ئەمنی دەبن.
محەممەد حەكیم، گوتی: گرنگترین شت کە باس دەکرێت بریتییە لە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان و هەوڵدان بۆ دوورخستنەوەی هەرێمی کوردستان لە ململانێیەکانی ناوچەکە، کەواتە لایەنی ئابووری و ئەمنی دوو لە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکان دەبن و، ماوەی سێ ساڵە سەردانێکی لەو شێوەیە ئەنجامنەدراوە.
هاوکات گوتیشی: لەو سەردانە چەندین رێککەوتن و لێکتێگەیشتن لە بواری ئابووری و ئەمنی لەنێوانیان واژۆ دەکرێت.
ڕۆژی یەکشەممە (5ـی ئایاری 2024) نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تارانی پایتەختی کۆماری ئیسلامی ئێران.
هەر ئەمڕۆ نازم دەباغ، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، لەبارەی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئێران، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ بە سەردانێکی فەرمی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەگاتە ئێران و سبەی دیدارەکانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە دەستپێدەکات و کۆمەڵێک پرسی گرنگ تاوتوێ دەکەن.
هاوکات فەوزی ھەریری، سهرۆکی دیوانی سهرۆکایهتی ھەرێمی كوردستان لەبارەی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "سەرۆکی هەرێمی کوردستان چەندین جار بە شێوەیەکی فەرمی بانگهێشتی تاران کراوە، ئێستا دۆخەکە گونجاو بوو، بۆ ئەوەی سەردانەکە بکرێت".