مەڕوان نوورەدین: ڕێژەی بەشداریی هاووڵاتیان بۆ دڵنیایی لە زیادبووندایە

مەڕوان نوورەدین، بەڕێوەبەری فرۆشتن لە کۆمپانیای کار بۆ دڵنیایی
مەڕوان نوورەدین، بەڕێوەبەری فرۆشتن لە کۆمپانیای کار بۆ دڵنیایی

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەری فرۆشتن لە کۆمپانیای کار بۆ دڵنیایی ڕایگەیاند، ڕێژەی بەشداربوونی هاووڵاتیان ساڵ بەساڵ لە زیاد بوونە، دەشڵێت: لە ساڵی نوێدا زیاتر لە سێ هەزار بەشداربوو لە کۆمپانیاکەمان دا هەیە.

مەڕوان نوورەدین، بەڕێوەبەری فرۆشتن لە کۆمپانیای کار بۆ دڵنیایی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەهۆی هۆشیاربوونەوەی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لەسەر بیرۆکەی دڵنیایی، ڕێژەی بەشداربوونی هاووڵاتیان ساڵ بەساڵ لە زیادبوونە.

مەڕوان نورەدین گوتیشی: گرنگی ئەو کۆنفرانسە لەوەدایە کە هاووڵاتیان زیاتر هۆشیار ببنەوە، و گرنگی و سوودەکانی دڵنیایی بزانن، دەشڵێ: لە ساڵی نوێدا زیاتر لە سێ هەزار بەشداربوو لە کۆمپانیاکەمان دا هەیە، بەردەوامیش لە زیاد بوونە.

باسی لەوەش کرد، لەکۆمپانیاکەمان چەندین جۆر بیمە هەیە وەکو بیمەی ئۆتۆمبێل، تەندروستی، ڕووداوە کەسییەکان، هەروەها ئەوانەی دەیانەوێت سوودمەند بن لەو بیمەیە لەسەر داواکاری خۆیان بۆ دەکەین.

ڕاشیگەیاند، مەرجەکانی داواکاریی بۆ دڵنیایی کرد بەگوێرەی خواستی کەسەکەیە، بۆ نموونە کەسێک دەیەوێت سوودمەند بێت بۆ فرۆشگایەکەی، ئەوکات ئێمە لێژنەیەک دەنێرین بۆ پشکنین و هەندێک مەرجیشمان هەیە کە بەشداربووەکە دەبێت جێی بکات. ئەوکات هەر زیانێکی کرد ئێمە قەرەبووی دەکەینەوە.

ڕۆژی یەکشەممە، 05-05-2024، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پشتگیریی و پەرەپێدانی کەرتی دڵنیایی، یەکەمین کۆنفرانسی دڵنیایی لە هەولێر بەڕێوە چوو. ئامانج لە پێشخستنی کەرتەکە، پشتیوانیی و مسۆگەرکردنی قەرەبووکردنەوەی زیانەکان و ڕەخسانی هەلی کارە.

Fly Erbil Advertisment