نەجات هەرکی: کەرتی دڵنیایی کلیلی بەهێزکردنی ئابووریی وڵاتانە

نەجات هەرکی، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کاربوباری دڵنیایی لە وەزارەتی دارایی
نەجات هەرکی، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کاربوباری دڵنیایی لە وەزارەتی دارایی

K24 - هەولێر

جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری دڵنیایی لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە، کەرتی دڵنیایی کلیلی بەهێزکردنی ئابووریی وڵاتانە، بۆیە پێویستە لە هەرێمی کوردستانیش زۆر بایەخ بەو کەرتە بدرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، 06-05-2024، نەجات هەرکی، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری دڵنیایی لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی، لە کاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵە ئابوورییەکانی کوردستان24، ڕایگەیاند، "هەر وڵاتێک کەرتی دڵنیایی پێشکەوتوو نەبێت، هەرگیز پێش ناکەوێت، چونکە کەرتی دڵنیایی کلیلی بەهێزکردن و بەرەوپێشبردنی ئابووریی وڵاتانە. لە هەرێمی کوردستان پێویستە زیاتر گرنگی بەم کەرتە بدرێت و بەرەوپێش ببردرێت".

بە گوتەی نەجات هەرکی، "کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بایەخێکی تایبەتیی بە بەرەو پێشبردنی کەرتی دڵنیایی داوە. بەڕێوەچوونی یەکەمین کۆنفرانسی دڵنیاییش، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە بە مەبەستی پشتگیریی و پەرەپێدانی کەرتەکە".

نەجات هەرکی ڕاشیگەیاند، "لە ماوەی ڕابردوودا کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاری لەسەر بەهێزکردنی کەرتی بانکی کردووە و پڕۆژەی "هەژماری من"ـیشی ڕاگەیاندووە، ئەمەش زۆر هاوکار دەبێت بۆ ئەوەی بتوانرێت لە داهاتوودا زیاتر بایەخ بە کەرتی دڵنیایی (تەئمین) بدرێت و بەرەوپێش ببردرێت".

ڕۆژی یەکشەممە، 05-05-2024، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پشتگیریی و پەرەپێدانی کەرتی دڵنیایی، یەکەمین کۆنفرانسی دڵنیایی لە هەولێر بەڕێوە چوو. ئامانج لە کۆنفرانسەکە، پێشخستنی کەرتی دڵنیایی، پشتیوانیی و مسۆگەرکردنی قەرەبووکردنەوەی زیانەکان و ڕەخسانی هەلی کارە.

Fly Erbil Advertisment