وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار: شەقامی 60 مەتری هەشتی حەسارۆک تەواو بووە

K24- هەولێر
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند، لەساڵی 2022ەوە بڕیاردرا پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بگەیندرێتە گەڕەکی هەشتی حەسارۆک، لەهەفتەی داهاتووش هەر سێ زۆنەکە کردنەوەی ڕێگاکانی بۆ دەکرێت.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ڕۆژی پێنجشەممە، کۆبوونەوەی دووەمی سەرجەم سەرۆکایەتی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکان و بەڕێوەبەرایەتییەکانی نەخشەدانانی ئاوەدانی لەهەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دەکرێت.
ساسان عەونی دەشڵێت: ئەو فەرمانگانە نەخشەکانی خۆیان دەهێنن لەبارەی ئەو بابەتانەی لێیان داواکرابوو بۆ دۆزینەوەی زەوی لەناو سنووری ماستەر پلانەکانیان، یان ئەوانەی پێویستیان بە فراوانکردنی ماستەر پلانەکانیان هەیە.
گوتیشی: 15 ساڵ بوو گەڕەکی هەشتی حەسارۆکان بێ خزمەتگوزاری بوو، بەڵام لەساڵی 2022ەوە بڕیاردرا پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بگەیندرێتە گەڕەکی هەشتی حەسارۆک، پڕۆژەکانیش بریتی بوون، لە ئاوەڕۆ و پڕۆژەی گەیاندنی شەقامی 60 مەتری کە شۆستەکانیشی تەواو بووە.
ڕاشیگەیاند، ئێستا فەرمانگەی ئاوەدانکردنەوە لە زۆنی "ئەی" کە پێشتر بڕیاربوو شەقامی دووەمی 60 مەتریان بۆ بکرێت، بەڵام ئێستا لەسەر داوای هاووڵاتیان کە داوایان کردووە ڕێگە بۆ ناو زەوییەکان بکرێتەوە، بۆیە لە هەفتەی داهاتوو سەرۆکایەتی شارەوانی لە هەرسێ زۆنەکە دەست دەکات بەکردنەوەی ڕێگاکان.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و ئەو فەرمانگانەی پەیوەستن بە نەخشەدانانی ئاوەدانی شارەکانی کوردستان چەندین پڕۆژەی لەژێر دەستە و کاری لەسەردەکات.