ژیانی نەخۆشانی تالاسیمیا لە ئێران بەهۆی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان لە مەترسیە
K24 - هەولێر
نەخۆشانی تالاسیمیا لە ئێران، لە سەرەکیترین قوربانییەکانی گەمارۆ سەپێندراوە نێودەوڵەتییەکانن لەو وڵاتە و حکوومەتی تارانیش ئەمەریکا بە هۆکارەی سەرەکی قەیرانی دەرمانی چەند نەخۆشییەک لە ئێران تۆمەتبار دەکات.
یونس عەرەب، سەرۆکی ئەنجوومەنی تالاسیمیای ئێران رایگەیاندووە، لە پاش دەرچوونی ئەمەریکا لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی و گەڕانەوەی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر ئێران لە ساڵی 2018 دا، 1100 نەخۆشی تالاسیمیا بە هۆی نەبوونی دەرمانی پێویستەوە گیانیان لەدەست داوە.
بە گوتەی ئەو بەرپرسە ئێرانییە، 40%ی نەخۆشانی تالاسیمیا بۆ ئەوەی زیندوو بمێننەوە پێویستیان بە دەرمانی هاوردە هەیە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ساڵی ڕابردوو تەنیا بەشی 12% لەم نەخۆشانە دەرمان هاوردە کراوە.
لانیکەم 23 هەزار نەخۆشی تالاسیمیا لە ئێران هەن کە زۆربەیان مناڵن و زۆرینەی ئەو کەسانەش لە شەش ساڵی ڕابردوودا بە هۆی نەبوونی دەرمانەوە مردوون.
سەرۆکی ئەنجوومەنی تالاسیمیای ئێران دەڵێ، بە پێچەوانەی بۆچوونی باو، نەخۆشانی تالاسیمیا تەمەنیان کورت نییە و ئەگەر بەردەوام خوێن و دەرمانی باش وەربگرن دەتوانن ژیانێکی ئاسایییان هەبێت، بەڵام ژمارەیەکی زۆر لە نەخۆشانی تالاسیمیا لە ئێران بەر لەوەی تەمەنیان بگاتە 18 ساڵ بە هۆی نەبوونی دەرمانی پێویست دەمرن.
زۆربەی ئەو قوربانییانە خەڵکی پارێزگای سیستان و بەلووچستانن، ئەگەرچی کەمتر لە 2%ی دانیشتووانی ئێرانی لە خۆ گرتووە، نزیک 15%ی نەخۆشانی تالاسیمیای ئێران لەم پارێزگایە دەژین.
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان لانیکەم 120 جۆر دەرمان لە بازاڕی ئێران دەست ناکەون، دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتە گەمارۆکانی ئەمەریکا بە هۆکاری دەست نەکەوتنی دەرمان دەزانن. لە بەرانبەردا ئەمریکییەکان ئەمە ڕەت دەکەنەوە و دەڵێن دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان هیچ گەمارۆیەکیان لەسەر نییە.