دانا شەهید جەزا: ئەو بودجەیەی لە عێراق پەسەند کراوە، سیاسییە نەک ئابووریی
K24 - هەولێر
ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئەو بودجەیەی لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند کراوە، بودجەیەکی سیاسییە نەک ئابووریی. دەشڵێت، داهاتی عێراق لە دەست خەڵکانی دیکەیە نەک لە دەستی حکوومەتدا.
تا ئێستاش پڕۆژەی هەمواری یاسای بودجە لە نێوان وەزارەتی دارایی عێراق و ئەنجوومەنی وەزیراندا یەکلایی نەکراوەتەوە و پڕۆژەکە نەنێردراوە بۆ پەرلەمان، ئەمە لەکاتێکدا کە دەبوو پێش کۆتایی ساڵی ڕابردوو ئەو کارە بکرایە.
لەو بارەوە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 09-05-2024، دانا شەهید جەزا، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "ئەو بودجەیەی لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەند کراوە، سیاسییە نەک ئابووریی. لە عێراق بونیاتنانی سیاسی زاڵ بووە بەسەر بونیاتنانی ئابووری واتا هێندەی سەرنج لەسەر پرسە سیاسییەکان هەیە و بە سیاسەکردنی بابەتە ئابوورییەکان هەیە، بیر لە بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووریی وڵات نەکراوەتەوە".
بە گوتەی دانا شەهید جەزا، "عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت بۆ دابینکردنی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی و کەرتەکانی دیکە. چەندین ساڵە بە هیچ شێوەیەک هەوڵ نەدراوە داهاتی عێراق هەمەچەشن بکرێت و تەنها پشت بە نەوت نەبەستێت. بەهۆی بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەی نرخی نەوت، دەتوانین بڵێین، داهاتی ئەم وڵاتە لە دەست خەڵکانی دیکەیە نەک لە دەستی خۆیدا".
لەلایەن خۆیەوە مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، هیوایان هەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا پڕۆژەی هەموارەکە بۆ پەرلەمان بنێردرێت.
لەبارەی گۆڕانکارییەکانی ناو پڕۆژەی هەموارەکە، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، نرخی نەوت سەدا 15 زیاترە لەو نرخەی لە یاسای بودجە جێگیرکراوە ئەوەش کاریگەری دەبێت لەسەر قەبارەی کورتهێنانی ڕاستەقینە.
بە گوتەی ڕاوێژکارەکەی سوودانی، کورتهێنان لە هەموارە نوێکەدا دەگاتە 80 ترلیۆن دینار، بەڵام ئەوە تەنها خەمڵاندنە و پێناچێت ئەو قەبارەیە ببێتە کورتهێنانی راستەقینە.