مەلا بەختیار: هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەبێ پارتی ناکرێت

مەلا بەختیار، سیاسەتمەدار
مەلا بەختیار، سیاسەتمەدار

K24 – هەولێر:

مەلا بەختیار، پێی وایە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەبێ پارتی دیموکراتی کوردستان ناکرێت. ناوبراو گوتی: پێویستە پرۆسەکە بەبەشداریی سەرجەم لایەنەکان بەڕێوە بچێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (9ـی ئایاری 2024) مەلا بەختیار، سیاسەتمەداری هەرێمی کوردستان لەمیانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەبێ پارتی دیموکراتی کوردستان ناکرێت و پێویستە پرۆسەکە بەبەشداریی سەرجەم لایەنەکان بەڕێوە بچێت.

ئەو سیاسەتمەدارە ئاماژەی بەوە دا، هەر لایەنێک خەڵک متمانەی پێ دا ئەوا پێویستە حوکمڕانیی هەرێمی کوردستان بکات.

ناوبراو راشیگەیاند، بەغدا هەوڵ دەدات لەداهاتوودا لەڕووی سیاسی و داراییەوە هەرێمی کوردستان لە قاڵب بدات، تاکە چارەش، چارەکردنی کێشەکانە لەناوخۆی هەرێمی کوردستاندا.

ئەم لێدوانەی مەلا بەختیار دوای ئەوە دێت کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆژی (10ـی حوزەیرانی 2024) بۆ بەڕێوەچوونی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستنیشان کردووە، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاری داوە بەهۆی بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی 11 کورسییەکەی کۆتای پەرلەمانی کوردستان و "دەستێوەردانی دەرەکی و ئامادەکردنی دیزاینی پێشوەختە بۆ هەڵبژاردنەکە" بەشداریی پرۆسەکە نەکات.

مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ماوەی ڕابردوودا سکاڵایەکی لە دادگای فیدراڵی تۆمارکرد و داوای کرد فەرمانێکی بەپەلە "ئەمری وەلائی" دەربکرێت بە مەبەستی ڕاگرتنی بڕگەی تایبەت بە سیستمی تۆمارکردن و پەسەندکردنی لیستی کاندیدەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ ڕۆژی سێشەممە (7ـی ئایاری 2024) دادگاکە لە بەرژەوەندیی مەسرور بارزانی بڕیاری دەرکرد و جێبەجێکردنی بڕگەکەی ڕاگرت تا ئەو کاتەی سکاڵاکە یەکلایی دەکرێتەوە.

دوابەدوای بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق؛ جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بە شێوەیەکی فەرمی تەواوی ڕێکارەکانیان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ڕاگرتووە تا ئەو کاتەی سکاڵاکە یەکلایی دەکرێتەوە.