فەهمی بورهان: عەقلیەتێک لە عێراق هەیە، ناتوانێت کورد وەک هاوبەشێکی ڕاستەقینە ببینێت

"عێراق ناتوانێت بەغدا و بەسرا و موسڵ وەکو هەولێر و سلێمانی و دهۆک پێش بخات"

K24 - هەولێر

سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کاتی ئەوەیە کێشەکانمان لەگەڵ حکوومەتی عێراقی چارەسەرکەین، چونکە عەقلیەتێک لە عێراق هەیە کە ناتوانێت کورد وەک هاوبەشێکی ڕاستەقینە ببینێت.

فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کاتی ئەوەیە کێشەکانمان لەگەڵ حکوومەتی عێراقی چارە بکەین، چونکە کێشەکان زۆرن ئەگەر چارەیان نەکەین، بە هەڵپەسێردراوی دەمێننەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو کێشانەی لەگەڵ حکوومەتی عێراق چارە نەکراون زۆر زیاترن لەو کێشانەی چارەسەر بوون، کە ماددەی 140 یەک لەو کێشانەیە، چونکە ئەو ماددەیە سەبارەت بە کورد، ڕەهەندێکی مێژوویی هەیە، دەشڵێت: ڕەنگە کێشەی پێشمەرگە، نەوت غاز و بودجە و مووچە چارە ببن، بەڵام ئەوەی نابێت کورد سازشی لەسەر بکات بابەتە مەرکەزیەکەی خۆیەتی، من پرسیار لەسەرکردایەتیی کورد دەکەم، پرۆسەی ئازادیی عێراق چی بۆ کورد تێدا بووە؟.

لەبارەی ڕێگرییەکان لە بەردەم چارە نەبوونی کێشەکان، فەهمی بورهان گوتی: ئەوەی ڕێگرە لەبەردەم چارەکرانی کێشەکان، ئەو عەقلیەتەیە کە بە درێژایی مێژوو دەوڵەتی بنیات کردووە لە عێراقدا، عەقلیەتێکە توانای هاوبەشیپێکردنی کوردی نییە، واتا ناتوانێت کورد وەکو هاوبەشێکی ڕاستەقینەی خۆی ببینێت.

دەشڵێت: "ئەو حکوومەتەی عێراق، کارەکان و هەنگاوەکان و بیرکردنەوەی بە ئاراستەی ئەوەیە نەک تەنها ماددەی 140 و کەرکووک ئەو ناوچانە لاواز بکات، بەڵکو دەیەوێت ئەو چوار پارێزگایەی کە حکوومەتێکمان لێی هەیە ئەویش لاواز بکات".    

جەختیشی کردەوە، عێراق ناتوانێت بەغدا و بەسرا و موسڵ وەکو هەولێر و سلێمانی و دهۆک پێش بخات، بەڵام ئەتوانێت هەولێر و سلێمانی و دهۆک وەکو ئەو ناوچانە دوا بخات.