شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەی گەنم دەگەڕێتەوە بەغدا

K24 - هەولێر

بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ ئێوارە شاندی وەزارەتی کشتوکاڵ، بۆ بابەتی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بەسەردانێک بینە بەغدا.

ئەمڕۆ شەممە، 11ـی ئایاری 2024، کەریم سلێمان، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی رایگەیاند، لەسەر وەرگرتنی گەنمی جووتیاران، بڕیارە ئەمڕۆ ئێوارە شاندی وەزارەتی کشتوکاڵ، بەسەرپەرشتی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بچینە بەغدا.

بەگوتەی ئەو بریکارە، "سبەی بەیانییەکەی کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی بەغدا دەبێت، بەپێی لیژنەی 57 وەک هۆشداری بۆ دیاری کردنی ئەو بڕەی کە بۆ هەرێم دیاری دەکرێت، کە چەند بڕی گەنمی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێت".  

ئەو بریکارە گوتیشی: "ئامانجمان لە ئەم سەردانەی بەغدا بۆ دیاری کردنی ڕێژەی گەنمی جووتیارانە. و لەم دووسێ ڕۆژەدا دەردەکەوێت چەند تۆن گەنمی جووتیاران وەردەگیرێت".

کەریم سلێمان ڕاشیگەیاند، "ئێمە وەکو وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە دەبێت گەنمی جووتیاران وەربگیرێت، بە پێی ژمارەی ئەو دۆنمانەی کە بە گەنم داچێنراون کە پێی دەگوترێ بەرهەم "غلە". ئێمە نامانەوێت بەشێوەیەکی بێ سەروبەر ڕێژەکە بڵێن، دەمانەوێت بە حساب ئەوەندە گەنمەی داچێنراوە لە هەرێمی کوردستان ئەوەندە گەنمە وەربگیرێت".

سەبارەت بە دروێنەی گەنمی جووتیاران، لای خۆیەوە هێمن سەید موڕاد، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دروێنەی گەنم لە سنووری هەولێر لەو ناوچانەی ئێستە بارانی تێیدا هەیە، وەکو شارۆچکەی مخموور و شارەدێی دیبەگە و گوێر، لەو ناوچانە دروێنەی گەنم دەستی پێکردووە.

ئەو بەڕێوەبەرە گوتیشی ، "دروێنەی جۆ لە سنووری هەولێر و دەوروبەری دەستی پێکردووە".

هێمن سەید موراد ڕاشیگەیاند، "دروێنەی گەنم لە قوشتەپە و هەندێک شوێنی دیکە دەستی پێکردووە، بەڵام بەفراوانی نا. تەنیا چەند ناوچەیەکی سنووری هەولێر دەستی پێکردووە".