کارزان محەممەد: دروستکردنی پۆند و بەنداوەکان کاریگەریی زۆریان لەسەر کەمئاوی و کشتوکاڵ هەیە

K24- هەولێر

پسپۆڕێکی تەکنەلۆجیای ژینگەیی ڕایدەگەینێت، هەبوونی ئەو کۆنفرانس و سیمپۆزیۆمانە نیشانەی ئەوەیە کە گۆڕانی کەشوهەوا لە هەرێمی کوردستان، لە بارێکی باشدا نییە، هەروەها دروستکردنی پۆند و بەنداوەکان لە هەرێمی کوردستان گرنگیەکی زۆری بۆ کەمئاوی و کشتوکاڵ هەیە.

د. کارزان محەممەد، پسپۆڕی تەکنەلۆجیای ژینگەیی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هەبوونی ئەو کۆنفرانس و سیمپۆزیۆمانە نیشانەی ئەوەیە کە گۆڕانی کەشوهەوا لە هەرێمی کوردستان، لە بارێکی باشدا نییە، وەکو ئەو دەزگا نێودەوڵەتیانە و ئەو ئاژانسانەی بەرپرسن لە پاراستنی ژینگە قسەی لەسەر دەکەن، کەوا عێراق یەکێکە لەو پێنج وڵاتەی بەرکەوتەی زۆر خراپی لە گۆڕانی کەشوهەوادا هەیە.

پسپۆڕەکەی تەکنەلۆجیای ژینگەیی دەشڵێت: لە ژینگەدا سنوور نییە، تاوەکوو وڵاتێک بتوانێت ژینگەی خۆی پاک بکاتەوە، بۆیە ئێمە لە ژینگەیەکدا دەژین دەمانەوێت چاکی بکەینەوە، بەڵام هەر لەهەمان ژینگەدا هەندێک پێداویستیمان هەیە ماددەی پیسکەرن بۆیە قورسییەکە لێرەوە دەست پێ دەکات.

کارزان محەممەد، باس لەوەش دەکات، لە سیمپۆزیۆمەکە تەواوی سەرنج و قسەکان لەسەر دروستکردنی پۆند و بەنداوەکان بووە، بۆ ئەو بابەتەش تێبینیمان کردووە هەموو چاوەکان لەسەر هەرێمی کوردستانە، کە پەیامێکی سیاسیشی لەگەڵە، "چونکە کارتی فشاری هەرێمی کوردستان بەرانبەر بەغدا دەست پێ دەکات".

گوتیشی: سەبارەت بە کابینەی نۆیەم و کارکردن لەسەر بەنداوەکان، زۆر گرنگە ئەوەی دەیبینی ئەو کابینەیە لە سفرەوە دەستی بە دروستکردنی کردووە ئێستا بەرهەمی هەیە، ئەوەش خاڵێکی ئەرێنییە و کاریگەری زۆر باشیان هەیە دەربارەی کەمئاوی و کشتوکاڵ.