بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی هەولێر: کۆتایی ئەمساڵ یان سەرەتای ساڵی داهاتوو کارگۆی نوێ تەواو دەبێت

ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر
ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، رایدەگەیەنێت؛ %85ـی کارەکانی کارگۆی نوێی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر تەواوبوونە، هەروەها ئەمساڵ یان سەرەتای ساڵی داهاتوو کارگۆ نوێیەکە تەواو دەبێت، ئەحمەد هۆشیار، لەبارەی ژمارەی گەشتەکانەی فڕۆکەخانەکە گوتی: ڕۆژانە نزیکەی 60 گەشتمان هەیە.

ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، ساڵانە لە کۆتاییەکانی مانگی چوار ئامادەکاریی دەکەین بۆ وەرزی گەشتکردن کە لە 15ـی 5 تا 20ـی 5 دەستپێدەکات و بەردەوام دەبێت تا مانگی 10، ئامادەباشی تەواو لە هەموو بەش و سێکتەرەکان کراوە بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران.

بەڕێوەبەری فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، لەبارەی زیادبوونی هێلی ئاسمانی نوێ، ئاماژەی بەوەدا، لە فڕۆکەخانە ئامادەیی تەواومان هەیە پێشوازی لە هێڵی ئاسمانیی زیاتر بکەین، بەڵام دەبێت سەرەتا دەستەی فڕۆکەوانی شارستانیی عێراق لەگەڵ دەستەی فڕۆکەوانی شارستانیی وڵاتانی دیکە بە مەبەستی دەستپێکردنی گەشتیان بۆ فڕۆکەخانەی هەولێر گرێبەست ئەنجامبدات، ئینجا هێڵی ئاسمانی نوێ زیاد دەبێت.

ناوبراو باسی لەوەشکرد، هەر هێڵە ئاسمانییەکی نوێ کە لە دەستەی فڕۆکەوانی شارستانیی عێراق تۆمار بکرێت، یەکەم  شوێن کە بیەوێت گەشتی لێ ئەنجامبدات فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرە.

لەبارەی کارگۆی نوێی فڕۆکەخانەی هەولێرەوە ئەحمەد هۆشیار دەڵێت: کارگۆی نوێی فڕۆکەخانەکە لە ساڵی 2021 دەست بە دروستکردنی کراوە، لەسەر ڕووبەری 24 هەزار مەتر دووجا بنیات دەنرێت، 85%ـی کارەکانی تەواوبووە، ئەمساڵ یان لە سەرەتای ساڵی داهاتوو بە ڕووی بازرگانان دەکرێتەوە، کە بە شێوەیەکی ستاندارتی نێودەوڵەتیی دروستکراوە.

بە گوتەی ئەحمەد هۆشیار، لە گشت سێکتەرەکان فڕۆکەخانەی هەولێر یەکەمە بەراورد بە فڕۆکەخانەکانی دیکەی عێراق، هاوکات روونیکردەوە، هێڵە ئاسمانییە ئەورووپییەکان تەنیا گەشت لە فڕۆکەخانەی هەولێر وەردەگرن لە فڕۆکەخانەکانی دیکەی عێراق وەرناگرن، ئەمەش بەهۆی پابەندبوونمان بە ستاندارت، یاسا و رێنماییە نێودەوڵتییەکان، کە فڕۆکەخانەکان لەسەر ئاستی هەموو جیهان کاری پێدەکەن ئێمەش کاری پێدەکەین.

ناوبراو ئەوەشی ئاشکرا کرد، تا ئێستا هیچ کەسێک نەیتوانییوە لە فڕۆکەخانەی هەولێر گەشت بە پاسپۆرتی ساختە ئەنجامبدات و، ئەوانەشی ئەو هەوڵانەیانداوە دەستگیرکراون و رووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی کراونەتەوە.

لەبارەی ژمارەی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەکە گوتی: رۆژانە نزیکەی 60 گەشتی چوون و هاتن لە فڕۆکەخانەی هەولێر ئەنجام دەدریت، بەڵام لە دوای 20ـی 5ـەوە ژمارەی گەشتی ڕۆژانەمان بۆ زیاتر لە 100 گەشت بەرز دەبێتەوە.

سەبارەت بە رێکارەکانی وەرگرتنی ڤیزای کوردستان، ناوبراو دەڵێت: "ئەو وڵاتانەی کە ڤیزە بەخۆڕایی و بێبەرامبەر دەدەنە هاووڵاتییانی خاوەن پاسپۆرتی عێراقی، بە هەمان شێوە هاووڵاتیی ئەو وڵاتانە، کە دێنە عێراق یان هەرێمی کوردستان بێبەرامبەر دەتوانن ڤیزە وەربگرن".

لەبارەی وەرگرتنەوەی جانتا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، ئەحمەد هۆشیار، ڕایگەیاند، دوو شوێن هەیە بۆ وەرگرتنەوەی جانتا لە فڕۆکەخانەکە، لە کۆتایی مانگی 8ـی ئەمساڵ شوێنێکی دیکەی دادەنێن لەنێو تێرمیناڵی فڕۆکەخانە کە جێگەی 360 جانتای دەبێتەوە لە کاتژمێرێکدا، کار ئاسانییەکی زۆر بۆ گەشتیار دەکات و وادەکات کۆتا جانتا بە 27 خولەک بگاتە دەستی گەشتیار.

Fly Erbil Advertisment