سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی: پێشنیازمان کردووە ڕێگەی گەشەپێدان بە ڕۆژهەڵاتی دیجلەدا بڕوات

K24 – هەولێر:
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لەبارەی ڕێگەی گەشەپێدانەوە پێشنیازێکیان داوەتە بەغدا کە تێچووی کەمترە و سوودی ئابووریشی زیاترە و هیواشی خواست، بە تەواوبوونی ئەو ڕێگەیە سوودی تەنیا بۆ وڵاتانی دەرەوە نەبێت و خەڵکی عێراق لێی سوودمەندبن.
ڕۆژی یەکشەممە (12ـی ئایاری 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سیمپۆزیۆمی تایبەت بە وشکەساڵی و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر دۆخی سیاسی، ئابووریی و دیمۆگرافی عێراق، بەشداری لە پانێلێک کرد و ڕایگەیاند: ئەوانەی نەخشەی ئێستای ڕێگەی گەشەپێدانیان پێشنیاز کردووە، پلانێکی هەڵەیە.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕایگەیاند: پێشنیازمان کردووە ڕێگەی گەشەپێدان بە ڕۆژهەڵاتی دیجلەدا تێپەڕبێت کە تێچووی کەمتر و سوودی ئابووری زیاتری دەبێت، نەک وەک ئەوەی بەغدا پێشنیازی کردووە بە ڕۆژئاوای دیجلەدا بڕوات، بەهۆی کەمی چڕی دانیشتووان لەو ناوچەیە، کەمترین سوودی ئابووری بۆ خەڵک دەبێت.
بەپێی ئەو پێشنیازەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدای کردووە: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاشکرای کرد، ئێمە پێشنیازمان کرد کە ئەو رێگەیە لە باشووری دهۆک لە سێمێلەوە کە دەکاتە ڕۆژهەڵاتی دیجلە بچێتە موسڵ، هەولێر و کەرکووک پاشان تاوەکو بەسرە بچێت، کە ئەمە سوودی زۆر زیاتری هەیە، بەڵام ئەو پلانەی ئەوان دایانڕشتووە پلانێکی هەڵەیە کە بە ڕۆژئاوای دیجلەدا بڕوات.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر گوتی: ئاوایان لە سەرۆکوەزیرانی عێراق گەیاندووە کە ڕێگەکە بە ڕۆژهەڵاتی دیجلەدا بڕوات تێچووی زیاترە بەڵام ئەمە هەڵەیە و هیوادارم ئەم بابەتە نەکرێتە سیاسیی و کارێک نەکەن ئەم پرۆژەیە هەر بۆ ئەوە نەبێت، تەنیا وڵاتانی دەرەوە لێی سوودمەندبن بەڵکو خەڵکی عێراق لێی سوودمەندبن.
پێشتریش چەند جارێک شاندی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چوونەتە بەغدا و داوایانکردووە ڕێگەی گەشەپێدان بە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستاندا بڕوات و هاووڵاتییانی ئەو ناوچانەش لێی سوودمەندبن.
ڕێگەی گەشەپێدان پێکهاتووە لە ڕێگەی وشکانی و ئاسنین کە لە ڕێگەی بەندەری فاو لە باشووری عێراق و دەروازی ئاڤاکۆی لە سنووری تورکیا و هەرێمی کوردستان، عێراق و وڵاتانی کەنداو بە تورکیا و وڵاتانی ئەورووپا دەبەستێتەوە و زیاتر لە 25 وڵات بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی لێی سوودمەند دەبن.
گوژمەی ئەو پرۆژەیە 17 ملیار دۆلارە و وابڕیارە ئەمساڵ دەستپێبكات و لە 2050 کۆتایی پێبێت، درێژی هێڵی ئاسنینەکە بریتییە لە هەزار و 175 کیلۆمەتر و رێگەی وشکانییەکەش هەزار و 190 کیلۆمەتر درێژە، کە بە 11 پارێزگای عێراق و هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێت. هەردوو ڕێگەکە هاوتەریب پێکەوە دروست دەکرێن و یەکتر نابڕن، تەنیا لە باکووری پارێزگای کەربەلا نەبێت دەگەنەوە یەک.
ئالنگاری ناوخۆیی لە بەردەوم ئەو پرۆژەیەدا، دۆخی ئابووری و ئاسایشی ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و ناسەقامگیری سیاسییە، هەروەها بەهۆی داڕشتنی نەخشەی ڕێگەکە بۆ ئەوەی بە ناوچەکانی هەرێمی کوردستانەوە تێپەڕنەبێت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشنیازی کردووە ئاراستەی ڕێڕەوەکە دەستکاری بکرێت و بە سنووری هەرێمی کوردستانەوە دەربازی وڵاتی تورکیا بێت، کە تاوەکو ئێستا بەغدا وەڵامی ئەو پێشنیازەی بە فەرمی نەداوەتەوە.
ڕۆژی (27ـی تەمموزی 2023) ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕایگەیاند: نەخشەی رێڕەوی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپیدان کە پێشکەشکراوە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، هەم کورتترە و هەم بودجەی تێچوونیشی هەرزانتر دەوەستێت. لە کاتێکدا، وەزارەتی گواستنەوەی عێراق داوای کردبوو، ئەو ڕێڕەوە بە سحێلا، رەبیعە، تەلەعفەر و دواتر بچێتەوە لای پێشابوور پاشان بگاتە تورکیا، هەروەها لەم حاڵەتەدا نزیکەی 11 ملیۆن هاووڵاتی بێبەش دەبن لەو پرۆژەیە.
ڕۆژی (22ـی نیسانی 2024) لەمیانی سەردانەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ بەغدا، واژۆ لەسەر یاداشتی لێکتێگهیشتنی چوارقۆڵی نێوان عێراق، توركیا، ئیمارات و قهتهر كرا كه پهیوهسته به هاریكاریكردنی پڕۆژی ڕێگهی گهشهپێدانی عێراق.
پێشتریش لە ڕۆژی (27ـی ئایاری 2023)، بە بەشداریی نوێنەری هەریەک لە وڵاتانی سعوودیە، تورکیا، سووریا، ئوردن، کوێت، بەحرەین، قەتەر، ئیمارات، عومان و ئێران هەروەها نوێنەرانی بانکی نێودەوڵەتیی و یەکێتیی ئەوروپا، کۆنفرانسی "ڕێگەی گەشەپێدان" بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیە دەستیپێکرد.