ڕیسایکلینی قیر تێچووی سی لە سەدی پرۆژەکانی قیرتاوکردنی کەم کردووەتەوە

K24 - هەولێر

کارگەی ڕیسایکلینی قیر لە هەولێر، یەکێکە لە کارگە پێشکەوتووکان کە ڕەچاوی پاراستنی ژینگەی لە دەرهاوێشەی زیانبەخشی وەک دەردانی دوکەڵ و گازی ژەهراویی تێدا کراوە، زیاتر لە ساڵێکە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان دامەزرێنداراوە.

کارگەکە ڕۆژانە %30 قیری بەکارهاتووی هەڵکەندراو لەگەڵ %70 ی کەرەستەی سەرەتایی و قیری نوێ تێکەڵ دەکات بۆ ئەوەی ژینگە لە پیسبوون بپارێزێت، بەمەش لە توانایدایە ڕۆژانە دوو هەزار تۆن قیر بەرهەم بهێنێت.

بەر لە دامەزراندنی ئەو کارگەیە، قیری هەڵکەندراوی ڕێگە و شەقامەکان لە شوێنە دوورە دەستەکان فڕێ دەدران، بەڵام ئێستا دەگەڕێنرێتەوە کارگەی ڕیسایکلینی قیری سەر بەڕێوبەرایەتیی چاککردنی ڕێگاوبانی هەولێر و دووبارە بەکار دەهێنرێتەوە و دەکرێتە هەوێنی قیرێکی نوێ و ڕێگەکانی پێ قیرتاو دەکرێتەوە.

ڕاوێژ ڕەسووڵ، بەڕێوبەری پرۆژەی ریسایکلینی قیر بۆ کوردستان24 دەڵێت: پرۆسەکە بریتیە کە هێنانەوەی قیرە بەکارهاتووەکان دوای هەڵکەندنیان، لێرە لە کارگەکەدا چەند قۆناغێکدا کاری لەسەر دەکرێتەوە، لەوانە شکاندن و بێژانەوەی هاڕاوی قیرەکە، دواتر جارێکی دیکە  دەتوێندرێتەوە و دەکرێتەوە قیرێکی تازە و لە پرۆژەکانی قیرتاوکردن بەکار دەهێنرێتەوە، بە هەمان کوالێتی و تایبەتمەندییەکانی قیرێکی ستاندارد کە هەیەتی، هەر بۆیە سیستەمی ڕیسایلکینی قیر پرۆژەیەکی باشی پێشکەوتنە بۆ خزمەت کردنی کوردستان".

کارگەکە رۆژانە 30% قیری کۆنی هەڵکەندراو لەگەڵ 70% کەرەستەی سەرەتایی و قیری نوێ تێکەڵ دەکات، لە توانایدایە ڕۆژانە دوو هەزار تۆن قیر بەرهەم بهێنێت لە هەر کاتژمێرێک دا 240 تۆن، بەڕێوەبەری چاککردنەوەی ڕێگاوبانی هەولێریش دەڵێت: درووستکردنی ئەم کارگەیە سوودی زۆری بە ژینگە گەیاندووە.

عیماد محەممەد، بەڕێوبەری چاککردنەوەی ڕێگاوبانی هەولێر بۆ کوردستان24 دەڵێ "لە ڕووی ئابوورییەوە تێچووی پرۆژەکان بە ڕێژەی %30 کەم دەکاتەوە، ئەمەش نەوت، چەو، لم و چەند پێکهاتەیەکی دیکە دروستکردنی قیر کەم دەکاتەوە بە ڕیسایلکین کردنەوەی قیرە کۆنەکان، لە لایەنی ژینگەییشەوە سوودی هەبووە و چیتر پاشماوەی قیرە هەڵکەندراوەکان لە دەشت و کەندەکان فڕێ نادرێت و ژینگە ناکات"

کردنەوەی کارگەی ڕیسایکلینی قیر لە هەولێر لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
کردنەوەی کارگەی ڕیسایکلینی قیر لە هەولێر لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان

17ی تشرینی دووەمی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە میانی کردنەوەی کارگەی ڕیسایکلینی قیری هەولێر گوتی: ئەم پڕۆژەیە، یەکێکە لەو پرۆژانەی لە چوارچێوەی بەرنامەکانی حکوومەت لە پێناو ژینگەپارێزی و چاکسازی ئابووری.

گوتیشی: ئەمە پابەندبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بە ژینگەپارێزی، چونکە تا ئێستا قیری کۆنی هەڵکەنراو، تێکەڵ بە ژینگە دەکرا، بەڵام لە ئه‌مڕۆ بەدواوە پێویستە قیری هەڵکەندراو کۆ بکرێتەوە و تێکەڵ بە ژینگە نەکرێت، بەڵکو لەڕێگەی پڕۆژەی لەم جۆرەوه‌، قیری هەڵکەندراو لە سەرجەم کارگەکانی قیری حکوومی و تایبەت، دووبارە بەکاربهێنرێتەوە و ڕیسایکل بکرێ و تێکەڵی ژینگە نەکرێتەوە و سەرەنجام ژینگە پیس نەکات، ئەمەش بێگومان لە ڕووی ئابووریشەوە سوودی دەبێت.

لە پلاندایە بۆ داهاتوو تەواوی ئەو شەقام و رێگایانەی قیری بۆ دەکرێت بە هەماهەنگی بێت لەگەڵ کارگەی ریسایکلینی قیڕی هەولێر ئەمەش لەپێناو پاراستنی ژینگە.

Fly Erbil Advertisment