قوتابخانەیەکی 27 پۆلی مۆدێرن لە هەڵەبجە کرایەوە

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

بە گوژمەی زیاتر لە دوو ملیار و 500 ملیۆن دینار قوتابخانەیەکی 27 پۆلی مۆدێرن لە شاری هەڵەبجە کرایەوە. بەمزووانەش بەردی بناغەی گەورەترین کۆمەڵگەی پەروەردەیی لە شارەکە دادەندرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، 13-05-2024، بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک بەرپرسی حکوومی و حزبی؛ قوتابخانەیەکی 27 پۆلی مۆدێرن بە گوژمەی زیاتر لە دوو ملیار و 500 ملیۆن دینار کە لەسەر ئەرکی ئاسۆ حاجی محەممەد دروستکراوە؛ لە شاری هەڵەبجە کرایەوە.

وەزیری پەروەردە لە گوتارێکدا سوپاسی ئاسۆ حاجی محەممەدی کرد و ڕایگەیاند، "ئەمە سێیەم پرۆژەی پەروەردەیی ناوبراوە لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردووی دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا؛ هەروەها رۆڵی هەبووە لە دابینکردنی پێداویستییەکانی خوێندن بۆ قوتابخانەکانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە".

وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوەش کرد، بەمزووانە بەردی بناغەی گەورەترین کۆمەڵگەی پەروەردەیی لە هەڵەبجە دادەندرێت. گوتیشی، لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، 122 قوتابخانە لەسەر بودجەی حکوومەتی هەرێم، دەستەی وەبەرهێنان، پەرەپێدانی پارێزگاکان و بە هاوکاریی خێرخوازەکان دروستکراون.

 

Fly Erbil Advertisment