118 شەقام لە ناوچەی پەرەپێدانی هەولێر جێبەجێ دەکرێن
K24هەولێر
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستی بە دروستکردنی چەند شەقامێکی نوێ کردووە لە شاری هەولێر، وەزارەتەکەش ڕایدەگەیەنێت، ئەو پرۆژەیە لەسەر بودجەی وەبەرهێنان جێبەجێ دەکرێن.
ئەمڕۆ دووشەممە (13ـی ئایاری 2024)، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و سەرۆكی شارەوانیی هەولێر، بەدواداچوونیان بۆ پرۆژەی دروستكردنی شەقامە ناوخۆییەكانی ناوچەی پەرەپێدان کرد لە نزیک گوندی پیرەش، لەوێ جەختیان لەسەر ڕێپێدانی دروستكردنی خانوو بۆ هاووڵاتییانی قەرەبووكراوی شوێنەكە كردەوە.
ئەو پرۆژەیە بە گوژمەی(2.220.628.000) دینار لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت، کە پێكهاتووە لە 118شەقام کە ئێستا کاری ڕێکخستنەوەی شەقام و تێکەڵەڕێژکردنی بۆ ئەنجام دەدرێت.
بەپێی ڕاگەیاندراوی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بڕگەیەكی دیکەی پرۆژەكە دانانی تۆڕی ئاو و لێدانی بیر و دروستکردنی عەمباری ئاوە.
ئەو پرۆژەیە یەكێكە لە پرۆژە گەورەكانی سێکتەری خزمەتگوزاری لە شاری هەولێر، زیاتر لە 60 ئامێری جۆراوجۆر كاری تێدا دەکەن بۆ ئەوەی بەخێرایی تەواو بکرێ و بخرێتە خزمەتی هاووڵاتییان و شۆفێرانی سنوورەكە.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری هەولێر، جەختیان لەسەر ئەوە كردەوە، دوای ئەوەی هاووڵاتییانی سنوورەكە قەرەبووكرانەوە بە وێنەی تۆمار (تاپۆ)، دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی سێ، سەر بە سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر بكەن، بۆ ئەوەی ڕێپێدانی دروستكردنی خانوویان پێ بدرێت و دەستبكەن بە دروستكردنی خانووەكانیان.
.