وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ كوردستان24: پشتیوانیی هه‌ڵبژاردنێك ده‌كه‌ین ڕه‌نگدانه‌وه‌ی فره‌یی هه‌رێمی كوردستان بێت

ڤێدانت پاتێل، جێگری گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا
ڤێدانت پاتێل، جێگری گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا

K24 – هەولێر:

جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت، پشتیوانیی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی ئازاد و بێگه‌رد ده‌كه‌ن.

ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه‌ 14ـی ئایاری 2024) ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگه‌یاند، پشتیوانیی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی ئازاد و شەفاف ده‌كه‌ن و هانی بەشدارییەكی فراوانی هەموو لایەنەكان دەدەن.

ڕۆژی دووشەممە، 18-03-2024، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەیاننامەیەکی لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و چەند پرسێکی دیکە بڵاو کردەوە.

مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، "لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت دەخەینە بەردەم بەڕپرسیارێتیی نیشتمانی لە جێبەجێنەکردنی دەستوور و تەواوی خاڵەکانی ڕێککەوتنی سیاسی و ئیداریی پێکهێنانی کابینەی ئێستای حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، بەپێچەوانەشەوە ناتوانین بەردەوام بین لە پڕۆسەی سیاسی دا".

مەكتەبی سیاسی پارتی ئاماژەی بەوەش کردووە، "لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیارێتی مێژووییمان لە پاراستنی مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان و سیستەمی دیموكراسی و فيدراڵی عێراق، هەروەها ڕەوایی نەدان بە هەڵبژاردنێكی نا دەستووری و نا دیموكراسی، و وەستانەوە لە بەرامبەر سەرجەم ئەو پێشێلکاریانەی دەستوور کە لە لایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە بەرامبەر هەرێمی کوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی ئەنجام دەدرێت بەگشتی، و سەپاندنی هەموارە نادەستووریەكانی یاسای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەتایبەتی، بە بەرژەوەندی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین كە پارتیمان نەچێتە ژێر باری پەسەندکردنی بڕیاری نادەستووریی و سیستەمێکی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی و بەشداری هەڵبژاردنێک نەكات کە بە نایاسایی و نادەستووری و لە سایەی سیستەمیکی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت".

Fly Erbil Advertisment