مەسرور بارزانی ساڵیادی دامەزراندن لە یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان پیرۆز دەکات: مێژوویەکی پڕشنگداری هەیە

وێنەیەکی تێکەڵاو لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لۆگۆی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان
وێنەیەکی تێکەڵاو لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لۆگۆی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان

K24 - هەولێر

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دەکات و دەڵێت، "بە ڕێز و پێزانینینەوە لە ڕۆڵی گرنگی مامۆستایانی کوردستان لە پەروەردەکردن و فێرکردنی نەوەکانماندا دەڕوانین".

ئەمڕۆ چوارشەممە، 15-05-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی 62ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە: "گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی سکرتارییەت و سەرجەم مامۆستایانی کوردستان دەکەم و هیوای پێشکەوتنیان بۆ دەخوازم" .

یەکێتیی مامۆستایانی كوردستان، وەکو ئەوەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی کردووە، "لە سەردەمێکی سەختدا دامەزراو مێژوویەکی پڕشنگداری لە خەباتی ڕێکخراوەیی و پیشەیی و داکۆکیکردن لە ماف وداخوازییەکانی مامۆستایانی کوردستان و بەرگریکردن لە مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستاندا هەیە و بە ڕێز و پێزانینینەوە لە ڕۆڵی گرنگی مامۆستایانی کوردستان لە پەروەردەکردن و فێرکردنی نەوەکانماندا دەڕوانین".

سەرکوەزیران مەسرور بارزانی هیوا دەخوازێت "مامۆستایانی كوردستان، بەردەوام بن لە ئەرکی پیرۆزی خۆیان لە پەرەپێدانی هزری نیشتمانپەروەری و پێگەیاندنی قوتابیان و نەوەکانمان لە سەر پەروەردەیەکی ڕاست و داهێنەرانە و خۆشویستنی کوردستان و داکۆکیکردن لە دەسکەوتە نیشتمانییەکان و قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان".

Fly Erbil Advertisment