دەزگای خێرخوازیی بارزانی ملیارێک و 690 ملیۆن دینار لە چەند کەرتێکی شاری کەرکووک خەرج دەکات

K24- هەولێر

دەزگای خێرخوازیی بارزانی، چالاکییەکانی ساڵێکی خۆی لەبواری هاوکاریی و خزمەتکردنی کەرتەکان لە شاری کەرکووک دەخاتە ڕوو، ڕێگا بۆ خواپێداوانیش ئاسان دەکات پرۆژە و خزمەت لە کەرتە جیاوازەکاندا بکەن.

ڕۆژی چوارشەممە(15ـی ئایاری 2024)، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ئیڤێنتێکدا، چالاکییەکانی یەک ساڵی خۆی لە خزمەتکردن بە کەرتە جیاوازەکان لە شاری کەرکووک، ڕاگەیاند.

ڕێبوار محیەددین، بەرپرسی ئۆفیسی کەرکووکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیان، ئامانجی ئەو ئێڤێنتەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە شاری کەرکووک ئەوەیە، نیشانی بدەین چۆن دەتوانین لە ڕووی ڕێکخراوەیی، خزمەتی ئەو خەڵکانە بکەین کە پێویستییان بە هاوکارییە لە هەرێمی کوردستاندا، هاوکاریی خو پێداوانیش دەکەین بە ئاسانی بگەنە ئەو کەسانەی کە پێویستییان بە هاوکارییە، یاخود ئەو کەرتانەی پێویستییان بە خزمەتە.

بەرپرسی ئۆفیسی کەرکووکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی گوتی، دەبینە پردی پەیوەندی نێوان خواپێداوان و ئەوانەی دەیانەوێت هاوکاریی پێشکەش بکەن.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە هەشت کەرتدا، تەندروستی و ئازیزان، پەروەردە و خۆراک و نا خۆراک، ئاو و هەوا  کاریان کردووە، یەک ملیار و 690 ملیۆن دیناریشیان لەو کەرتانەدا خەرج کردووە.