یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ وزە لە بەغدا و هەولێر باس لە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كوردستان دەكات

K24 - هەولێر:
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا رایگەیاند، یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ وزە لە بەغدا و هەولێر باس لە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كوردستان دەكات.
ئەمڕۆ چوارشەممە (15ـی ئایاری 2024) وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا راگەێندراوێكی لەبارەی سەردانەكەی جێفری پایەت، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ سەرچاوەكانی وەزە بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان بڵاوكردووەتەوە و تێیدا هاتووە، پایەت لەگەڵ سوودانی باسی لە گرنگی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان كردووە لەرێگەی بۆری نەوتی عێراق - توركیا.
لە راگەیندراوەکەدا هاتووە، جێفری پایەت سەردانی هەولێریش دەكات و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە و باس لە راكێشانی وەبەرهێنانی بیانی بۆ كوردستان و گرنگی دەستپێكردنەوەی هەناردنەی نەوت دەكات.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا ئاماژە بەوەش دەكات، گازی سروشتی كوردستان گرنگە بۆ عێراق بۆئەوەی بگاتە ئاستی خۆبژێوی و سەربەخۆیی لەبواری وزەدا. هاوکات باسی لەوەشکرد، نەوتی هەرێمی كوردستان هاوكارێكی باش دەبێت بۆ كەمكردنەوەی هەناردەی نەوتی رووسیا بۆ ئەورووپا.
رۆژی چوارشەممە (15ـی ئایاری 2024) جێفری پیات، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ سەرچاوەکانی وزە گەیشتە بەغدا، لای خۆیەوە ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق، لەبارەی سەردانەکەی ناوبراو لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس دەڵێت: ئامانجی هاتنی بەرپرسە ئەمەریکییەکە "بەدواداچوونە بۆ دۆسیەی سەردانەکەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ واشنتنن".
ئامانجێکی دیکەی سەردانەکەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، وەکو ئەوەی لە پۆستەکەی رۆمانۆوسکیدا ئاماژەی پێ دراوە، "بەهێزکردنی" هاوکارییە دوو قۆڵییەکانی نێوان واشنتن و بەغدایە لە بواری وزەدا.