حکوومەتی عێراق: زیاتر لە 38 ملیۆن هاووڵاتی کارتی نیشتیمانیان دەرهێناوە

سەرەتای مانگی داهاتوو وەزارەتی ناوخۆ 300 وێستگە لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات دەکاتەوە بۆ دەرهێنانی کارتی نیشتمانی. هەروەها زیاتر لە 38 ملیۆن هاووڵاتیش کارتی نیشتیمانیان دەرهێناوە.

بەڕێوەبەری باری شارستانی و پاسپۆرت و ئیقامە، لیوا نەشئەت ئیبراهیم خەفاجی، لە کۆنفرانسێکدا ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی لە پرۆژەی کارتی نیشتیمانیدا ناویان تۆمارکردووە تاوەکو ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، گەیشتووەتە 38 ملیۆن و 167 هاووڵاتی.


ئاماژەی بەوەشکرد، دوای دەرکردنی بڕیاری وەستاندنی مامەڵەکردن بە بەڵگەنامەکانی پێشوو وەکو ناسنامەی باری شارستانی و ڕەگەزنامە، وای کردووە هاووڵاتیان بە لێشاو ڕوو لە بنکەکانی تۆمارکردن بکەن، ئەمەش لە بەڕێوەبەرایەتییەکە کردووە 329 شوێن بۆ تۆمارکردن بکاتەوە.
خەفاجی دەشڵێت، سەرەتای مانگی داهاتوو، 300 وێستگەی خۆ تۆمارکردن لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ ئاوارەکان و نەخۆشانی نەخۆشخانەکان دەکرێتەوە.

لای خۆیەوە، عەمید میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاند، وەزارەت چالاکی گرنگی هەیە کە تێیدا ئەنجامی باشی بەدەستهێناوە، گرنگترینیان هەڵبژاردنی پڕۆژەی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی و ڤیزای ئەلیکترۆنییە.

گوتیشی: پاسپۆرتی ئەلیکترۆنییش ئەنجامێکی باشی بەدەستهێناوە، بەو پێیەی ژمارەی ئەوانەی ئەو پاسپۆرتەیان دەرهێناوە، لە سەرەتای دەستپێکردنی پڕۆژەکەوە تا ئێستا گەیشتووەتە یەک ملیۆن و 19 هەزار و 198 پاسپۆرت، هاوکات دەرهێنانی ژمارەی پاسپۆرتی ئاسایی "A" لەلایەن هاووڵاتیانەوە گەیشتووەتە یەک ملیۆن و 150 هەزار پاسپۆرت.

Fly Erbil Advertisment