عێراق 2025 میوانداریی لووتکەی جیهانی عەرەبی دەکات

عەبدولـلەتیف ڕەشید: دەبێت دەوڵەتی فەڵەستین دابمەزرێت و پایتەختەکەشی قودس

عەبدولـلەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق
عەبدولـلەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق

عەبدولـلەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق لەو گوتارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە 33ـەمین لوتکەی عەرەبی  کە لە بەحرێن بەڕێوە دەچێت،پێشکەشی کرد گوتی: عێراق بە سەرکردایەتیی حکوومەتەکەی دەستی بە شۆڕشێکی خزمەتگوزاریی و پیشەسازی کردووە بۆ ئەوەی وەبەرهێنانی زیاتر لە وڵاتدا بکرێت.

گوتیشی: ڕێگریی لە هەر هەوڵێک دەکەین کە خاکی عيراق لە دژی وڵاتانی دیکە بەکار بهێنرێت. ڕاشیگەیاند، ساڵی 2025 عێراق میوانداریی 34ـەمین لووتکەی جیهانی عەرەبی دەکات.

 سەرۆککۆماری عێراق لە گوتارەکەیدا سەبارەت بە دۆخی بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی گوتی: ئەمڕۆ هەموومان بە یەکەوە دژ بە دوژمنکارییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە دەوەستینەوە و ئەوەی ئیسرائیل دەیکات بە هەموو پێوەرێک کۆمەڵکوژییە.

هەروەها جەخت لە هەڵوێستی عێراق بۆ پشتیوانیی کردنی گەلی فەڵەستین کردەوە و ڕایگەیاند، دەبێت دەوڵەتی فەڵەستین دابمەزرێت و پایتەختەکەشی قودس بێت.

هەر لە گوتارەکەیدا، عەبدولـلەتیف ڕەشید داوای لە هەموو لایەنە ناکۆکەکانی سوودان کرد لەپێناو چارەکردنی قەیران و ناکۆکییەکانیان، ڕێگەی دیالۆگ بگرنەبەر.

سەبارەت بە دۆخی لوبنان ڕایگەیاند، عێراق هەموو پشتیوانییەکی لوبنان دەکات بۆ ئەوەی دۆخێکی سەقامگیریی سیاسیی و ئابووریی هەبێت.

لە بارەی شەڕی ناوخۆیی یەمەن، سەرۆککۆماری عێراق ئاماژەی دا، پشتیوانیی هەر هەنگاوێکی گەلی یەمەن دەکەین تاوەکوو سەقامگیریی بۆ وڵاتەکەیان بگەڕێننەوە.

لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا سەرۆککۆماری عێراق داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هاوکاریی ئەو وڵاتانە بکات کە بەهۆی گۆڕانەکانی کەشوهەوا زیانی ژینگەییان پێگەیشتووە.

Fly Erbil Advertisment