مهعاف عەبدولكەریم: نرخی هەموو جۆرە نەشتەرگەرییەک لە نەخۆشخانە تایبەتەکان جێگیر دەکرێت

K24 – هەولێر:
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی تەندروستی، ئاماژە بەوە دەکات، دانانی ئامێرە پزیشکییەکان لە نەخۆشخانەکانی قەزاکانی هەرێمی کوردستان کار ئاسانییەکی باش بۆ دانیشتووانی ئەو قەزایانە دەکات. هاوکات دەڵێت: نرخی هەموو جۆرە نەشتەرگەرییەک لە نەخۆشخانە تایبەتەکان جێگیر دەکرێت
مهعاف عەبدولكەریم، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی تەندروستی، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 گوتی: هەر لە سەرەتای کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئێمە کارنامەیەکمان پێشکەشی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کرد، کە داومان کردبوو خزمەتگوزاریی تەندروستیی بە یەکسانی بەسەر نەخۆشخانەکانی گشت پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دابەش بکرێت.
باسی لەوەشکرد، باشترین خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ هاووڵاتییان دابین دەکەین، لەبارەی دانانی ئامێری تیشک لە شەقڵاوە و کۆیە، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی تەندروستی، گوتی: دانانی ئامێرەکان کار ئاسانییەکی باش بۆ هاووڵاتییانی هەردوو قەزاکە دەکات بۆ ئەوەی لە نەخۆشخانەکانی نزیک لەخۆیان پشکنین ئەنجام بدەن و سەردانی شارەکان نەکەن.
مهعاف عەبدولكەریم، دەڵێت: ئێستا هەموو جۆرە نەشتەرگەرییەک لەنێو نەخۆشخانە حکوومییەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدەدرێت، تەنیا هەندێک جۆریان هەیە دەگمەنن کە پێویستیان بە دەرەوەی وڵات هەیە. هەروەها لە ئاییندەیەکی نزیکدا ئامێری پزیشکی بۆ گشت قەزا و ناحییەکان دابین دەکرێت.
ئەو بەڕێوەبەرە گشتییە باسی لە چەند پەیڕەوێک کرد کە دایانناوە و گوتی: دانانی ئەو پەیڕەوانە بۆ جیاکردنەوەی کەرتی تەندروستی تایبەت و گشتییە لە یەکدی و لە ئاییندەیەکەی نزیکدا جێبەجێ دەکرێن، بە پێی پەیڕەوەکە ئەو کەسانەی کە دانەمەزراون وا دەکەین روو لە کەرتی تایبەت بکەن، نرخی خزمەتگوزارییەکان و هەموو جۆرە نەشتەرگەرییەک لە نەخۆشخانەی تایبەتەکان جێگیر دەکرێت.