وەزارەتی کشتوکاڵ هاوردەکردنی چەند بەرهەمێکی کشتوکاڵی قەدەغە دەکات
لەپێناو پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ، هاوردەکردنی چەند بەرهەمێک قەدەغە دەکرێت، بریکاری وەزارتی کشتوکاڵیش دەڵێت، بەرھەمی قاچاخ زیانی بە جوتیاران گەیاندووە.
یەکێک لە پڕۆژە ستراتیجییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی بەرھەمی ناوخۆ، پرۆژەی ڕۆژنامەی کشتوکاڵیی بوو بۆ کەرتی کشتوکاڵ، بە جۆرێک بەرھەم بە پێی وەرزەکان بپارێزن و بەرھەمی ھاوردە بە پێی پێویستی ناوخۆ ڕێک بخرێتەوە، بەڵام تا ئێستا جێبەجێکردنی بە نیوەیی ماوەتەوە.
بریکاری وەزارتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، ئەوان دەسەڵاتی داخستنی سنورەکانیان نییە، چونکە لە بەشێک لە سنوورەکانەوە بەرھەمی قاچاخ ھاوردە دەکرێت، ئەمەش زیانی بە جووتیاران گەیاندووە.
ئیدریس محەمەد، جووتیارێکە و چەند ڕۆژێک بوو بەدیار بەرهەمەکانییەوە بوو بۆ ئەوەی بیانفرۆشێت، بۆ ڕێناس عەلی، پەیامنێری کوردستان24 گوتی، خواستی زۆر لەسەر بەرهەمی ناوخۆییە، بەڵام بەھۆی زۆری بەرھەمی قاچاخ و ھاوردەوە بۆیان ساخ نابێتەوە.
فرۆشیارێکی دیکەش گوتی، ھەرچەندە وەزارتی کشتوکاڵ بەشێک لە ھاوردەکردنی بەرھەمەکانی قەدەغە کردووە، لە پێناو بەرھەمی ناوخۆ، بەڵام ئەمە جووتیارانی ڕزگار نەکردووە لەو زیانەی بەھۆی بەرھەمی قاچاخەوە لێیان دەکەوێت.
بریکاری وەزارتی کشتوکاڵ دەڵێت، بەشێک لە دەروازەکان کۆنترۆڵ ناکرێن و ئەوانیش ئەو دەسەڵاتەیان نییە کە پرۆژەی ڕۆژنامەی کشتوکاڵی وەک خۆی جێبەجێ بکەن.
کەریم سلێمان، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو گوتی، حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەڕێگەی وەزارتی کشتوکاڵەوە پرۆژەی ڕۆژنامەی کشتوکاڵیی بۆ پاراستنی بەرھەمی ناوخۆ ڕاگەیاندووە، لەو چوارچێوەیەدا توانراوە بەشێکی زۆر لە بەرھەمەکان بپارێزێت و ئەو بەرھەمانە قەدەغە بکرێن کە لە ناوخۆ بەرھەم دەھێنرێت بە پێی وەرزەکان، بۆ ئەوەی جوتیاران ڕەنج بە خەسار نەبن.