لیزا کاکەیی: گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی کەرکووك بەردەوامن

لیزا فەلەکەددین کاکەیی، یاریدەدەری بەرپرسی رێکخستنی کەرکووک – گەرمیانی پارتی
لیزا فەلەکەددین کاکەیی، یاریدەدەری بەرپرسی رێکخستنی کەرکووک – گەرمیانی پارتی

K24 – هەولێر:

یاریدەدەری بەرپرسی ڕێکخستنی کەرکووک – گەرمیانی پارتی، دەڵێت، پارتی لەگەڵ مانەوەی پارێزگارێک نییە کە بەزۆر بەسەر کەرکووکدا سەپێندرابێت، بەڵکو پارتی دەیەوێت کوردێکی دڵسۆز ببێتە پارێزگاری کەرکووک و گرنگ نییە کام حزب بێت.

لیزا فەلەکەددین کاکەیی، یاریدەدەری بەرپرسی ڕێکخستنی کەرکووک – گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەمیانەی بەشداریی لە بەرنامەی ئێکسی کوردستان24 کە کۆڤان عیزەت پێشکەشی دەکات، گوتی: هەر چی لە بەرژەوەندی کەرکووک بێت پارتی ئەوەی کردووە، هەروەها کەرکووک لای پارتی پرسێکی ستراتیجییە.

لەبارەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک، لیزا فەلەکەددین کاکەیی دەڵێت: تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ عەرەب و تورکمان نەکراوە بۆ دەستنیشانکردنی پارێزگارێک بۆ کەرکووک، هەروەها لە ڕابردووشدا ئەوەمان ڕاگەیاندووە تەنیا دەمانەوێت هاووڵاتییەکی کوردی دڵسۆز بەدڵی هەموو لایەنەکان ببێتە پارێزگاری کەرکووک،  گرنگ نییە چ حزبێک بێت.

ئاماژەی بەوە دا، تا ئێستا کۆبوونەوەکانی نێوان لایەنە سیاسیەکان بۆ مەبەستی دیاریکردنی پارێزگایەک بۆ کەرکووک بەردەوامن، لەم نزیکانەش دەرەنجامی کۆبوونەوەکان ئاشکرا دەکرێن.

لیزا فەلەکەددین کاکەیی، دووپاتی کردەوە، ئێمە لەگەڵ پارێزگارێک نین کە بە زۆر بەسەر کەرکووکدا سەپێندرابێت، بەڵکو لەگەڵ ئەوەین ئەو نەخشە ئیدارییەی بۆ کەرکووك دروست کراوە گۆڕانی تێدا بکرێت.

ناوبراو باسی لەوەش کرد، پێشنیازێک هەیە لە کەرکووك کە هەر دوو ساڵیك جارێک پارێزگار بۆ نەتەوەیەک بێت بەڵام تا ئێستا نەبووە بە بڕیار، ئەو پێشنیازە شتێکی باشە، لە هەمانکاتیشدا نابێت ببێت بە فەرهەنگێکی سیاسی بۆ گشت هەڵبژاردن و ڕێککەوتنێک.

یاریدەدەری بەرپرسی ڕێکخستنی کەرکووک – گەرمیانی پارتی، لەبارەی گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک گوتی: بە ئاڵای کوردستانەوە گەڕاینەوە بۆ کەرکووک و ئاڵاکەمان لەسەر بارەگاکەمان هەڵکرد، هەر ئەمەش بوو وای کرد لایەنەکانی دیکە چاو لە ئێمە بکەن و ئاڵای کوردستان لەسەر بارەگاکانیان هەڵبکەن.