دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ: دەستگیرکردنی شاکار ستار پێچەوانەی بنەمای مافەکانی مرۆڤ و یاسای ڕۆژنامەگەرییە

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەبارەت بەدەستگیر کردنی کەسێک بەناوی شاکار ستار لەلایەن هێزێکی ئەمنی سلێمانیەوە دەڵێت، پێمان وایە شێوازی دەستگیرکردنی ناوبراو بەوجۆرە لەلایەن ئاسایشەوە، پێچەوانەی بنەمای مافەکانی مرۆڤ و یاسای ڕۆژنامەگەرییە.
رۆژی یەکشەممە(19ـی ئایاری 2024)، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ پەیامێکی سەبارەت بە دەستگیرکردنی شاکار ستار بڵاو کردەوە و دەڵێت، دەستگیرکردنی ناوبراو بەوجۆرە لەلایەن ئاسایشەوە، پێچەوانەی بنەمای مافەکانی مرۆڤ و یاسای ڕۆژنامەگەرییە.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئاشکرای کردووە، لەبارەی کەیسی شکار ستار داوای ڕوونکردنەوەی لە دەزگای ئاسایشی هەرێم کردووە.
بەپێی بەیاننامەکە دەستەکە دەڵێت، ئێمە وەک دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ جەخت لەسەر ڕێزگرتن لە سەروەری یاساو ڕێکارە یاساییەکان دەکەینەوە، بەڵام پێمان وایە شێوازی دەستگیرکردنی ناوبراو بەوجۆرە لەلایەن ئاسایشەوە، پێچەوانەی بنەمای مافەکانی مرۆڤ و یاسای ڕۆژنامەگەریە بەو پێیەی ناوبراو رۆژنامەنووسە، دەشڵێت، دەستگیر کردنەکە بەو شێوازە لە تایبەتمەندیی و پسپۆڕیی و کاری هێزی پۆلیسە، نەوەک هێزەکانی ئاسایش،چونکە ڕێکاری دیکەی یاسایی تایبەت هەیە بۆ داوا کردن و بانگ کردنی تۆمەتبارو داواکراو،بەپێچەوانەوە ئەو ڕێکارانە جگە لەوەی پێچەوانەی بنەماکانی مافی مرۆڤە، کاریگەریشی دەبێت لەسەر ناوبانگی هەرێم و پڕۆسەی دیموکراسی.
هەر لەبارەی دەستگیرکردنی شاکار ستار، سەنتەری میترۆ ڕایگەیاندووە، دەستگیركردن و لێكۆڵینەوەی دەزگای ئاسایش لەگەڵ رۆژنامەنوس، ترساندن و تۆقاندنی خێزانەكەی بە توندی ئیدانە دەكات، داوا دەكات بە كەفالەت ئازاد بكرێت و كەیسەكەی بگوازرێتەوە بۆ پۆلیس و مادە یاساییەكەی بگۆڕی بۆ ماددەكانی یاسای رۆژنامەگەری.
لەلایەکی دیکەوە، سەنتەری میترۆ بەیاننامەیەکی لەبارەی دەستگیرکردنی شاکار ستار لەلایەن هێزەکانی ئەمنیی شاری سلێمانییەوە بڵاو کردەوە و دەڵێت، دەستگیركردن و بڵاوكردنەوەی ترس و تۆقاندن ڕەتدەكەینەوە.
دەشڵێت، پەنابردن بۆ یاسای سزادانی عێراقی لە كەیسەكانی بڵاوكردنەوە گەڕانەوەیە بۆ دواوە، دەبوو لە كەیسی رۆژنامەنوس شاكار ستار، پۆلیس لێكۆڵینەوە بكات نەوەك دەزگای ئاسایشی هەرێم.
سەنتەری میترۆ ڕایگەیاندووە، لە ساڵانی رابردوودا چەندین جار ڕێنمایی بۆ دەزگای ئەمنی دەرچووە، كە كەیسەكانی تایبەت بە بڵاوكردنەوە، جگە لەپۆلیس، هیچ دەزگایەكی ئەمنیی بۆی نەبێت رۆژنامەنوس بانگ بكات، ئەویش تەنها بەفەرمانی دادوەر بێت.
سەنتەری میترۆ ڕایدەگەیەنێت، دەستگیركردن و لێكۆڵینەوەی دەزگای ئاسایش لەگەڵ رۆژنامەنوس، ترساندن و تۆقاندنی خێزانەكەی بە توندی ئیدانە دەكات، داوا دەكات بە كەفالەت ئازاد بكرێت و كەیسەكەی بگوازرێتەوە بۆ پۆلیس و مادە یاساییەكەی بگۆڕی بۆ مادەكانی یاسای رۆژنامەگەری.