پێش ئیبراهیم ڕەئیسی، چەندین سەرۆک و سیاسەتمادارنی وڵاتان بە تێکشکانی فڕۆکە گیانیان سپاردووە

وێنەی فڕۆکە تێکشکاوەکەی سەرۆککۆماری ئێران
وێنەی فڕۆکە تێکشکاوەکەی سەرۆککۆماری ئێران

کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەری ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ئێران، ئەو ڕووداوە فڕۆکەوانیانەی هێنایەوە یاد، کە زۆرێک لە سەرۆک و سیاسەتمەدارە دیارەکانی جیهان بەو ڕووداوە گیانیان سپاردووە.

ئەو هێلیکۆپتەرەی ئیبڕاهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێرانی هەڵگرتبوو، ڕۆژی یەکشەممە لە کاتی فڕینی بەسەر ناوچەیەکی شاخاویدا کەوتە خوارەوە کە تەمێکی چڕ ناوچەکەی گرتبووەوە.

ئاژانسی هەواڵی کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاوی کردەوە، ڕەئیسی بە هێلیکۆپتەرێکی جۆری بێڵ 212 دروستکراوی ئەمەریکا گەشتی کردووە.

فلیپین

ڕامۆن ماگسایسای، سەرۆکی فلیپین یەکەم سەرۆکی وڵاتە لە تەمەنی 49 ساڵیدا، لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی کە سەر بە هێزی ئاسمانی ئەو وڵاتە بوو، گیانی سپارد.  

ماگسایسای لە 17ـی ئاداری 1957دا، لەناو ئەو فڕۆکەکەی دابووە لە گەشتێکی ناوخۆییدا کە لە سیبو سیتیەوە بۆ مانیلا دەچوو، کەوتە خوارەوە. ڕامۆن ماگسایسای سەرۆکی کۆچکردوو لە 30ـی کانوونی یەکەمی 1953 دەست بەکار بوو.

دوای نزیکەی چوار ساڵ، داگ کارل هامارسکیۆڵدی سویدی، کە دووەم سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو، دوای ئەوەی بەرەو ڕۆدێسیا "زامبیای ئێستا" دەڕۆیشت، فڕۆکەکەی لە کۆنگۆ کەوتە خوارەوە و لە ئەنجامدا گیانی سپارد.

هامارسکیۆڵد دوای دەستلەکارکێشانەوەی تریگڤی لی، یەکەم سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 1953، ئەرکی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانی لە ئەستۆ گرت، دواتر لە ساڵی 1958 پۆستەکەی نوێ کردەوە و تا مردنی لە پۆستەکەیدا مایەوە.

عەبدولسەلام

لە 13ی نیسانی ساڵی 1966، عەبدولسەلام عارف سەرۆککۆماری عێراق، لە تەمەنی 45 ساڵیدا لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی کە لە باشووری عێراق لە نێوان ناوچەی قوڕنە و بەسرا کەوتە خوارەوە و گیانی سپارد.

بەگوێرەی هەندێک زانیاری، ئەو هێلیکۆپتەرەی کە سەرۆککۆماری عێراقی تێدا بووە، کەوتە بەر زریانێکی خۆڵ لە ناوچەکەدا، کە بووەتە هۆی سەرلێشێواوی فڕۆکەوانەکە، کە بەوهۆیەوە فڕۆکەکە دووجار لەسەر یەک لەدەوری خۆی خولایەوە و خۆی بە زەویدا کێشا و تەقییەوە.

نزیکەی سێ ساڵ دوای ئەو ڕووداوە، سەرۆکی بۆلیڤیا، ڕێنی بارینتۆس، لە تەمەنی 47 ساڵیدا دوای کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی کە لە گەشتێکی ناوخۆییدا بوو، لە 27ـی نیسانی 1969، گیانی سپارد.

کۆپتەرەکە لەکاتی فڕینی لە نێوان شارۆچکەکانی تۆکوپایا و ئارکۆی کەوتووەتە خوارەوە.

هەروەها لە 24ـی ئایاری 1981 فڕۆکەیەک کە سەرۆکی ئیکوادۆر، خایمی ڕۆڵدۆس ئەگیلێرای تێدابوو، لە بناری چیای هوایراپونگۆ، لە پارێزگای لۆخا، کەوتە خوارەوە.

لە ڕووداوەکەدا کەس ڕزگاری نەبوو، چونکە خانمی یەکەم، مارتا بوکرم، وەزیری بەرگری، مارکۆ سۆبیا مارتینێز و هاوسەرەکەی گیانیان لە دەست دا، هەروەها دوو یاریدەدەر و تیمی فڕۆکەکە.

عومەر تۆریخۆس، کە دوای کودەتایەکی سەربازی لە ساڵی 1968 فەرمانڕەوایی پەنەما گرتبووە دەست، لە 31ـی تەمووزی 1981 لە ڕووداوێکی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی سەربازیدا گیانی سپارد، خۆی بە سەرۆکی کۆمار ناو نەبرد، بەو پێیەی نازناوی دیکەی پێ باشتر بوو، وەک "فەرماندەی باڵای شۆڕشی پەنەما" و "سەرۆکی باڵای حکوومەت".

لە 2ـی ئاداری 1981، وەزیری بەرگری میسر، مشیر ئەحمەد بەدەوی، دوای ئەوەی بە هێلیکۆپتەرێک لە ناوچەی سیوە، لە ناوچەی سەربازی ڕۆژئاوا، لە مەتروح کەوتە خوارەوە، گیانی سپارد.

بەدەوی لەو گەشتەدا 13 فەرماندەی باڵای هێزە چەکدارەکانی میسر یاوەری بوون و سەرجەمیان مردن.

یەکەمین سەرۆکی مۆزەمبیق

لە 19ی تشرینی یەکەمی ساڵی 1986، سامۆرا ماشێل کە یەکەم سەرۆکی وڵاتی مۆزەمبیق بوو لە کیشوەری ئەفریقا، بەهۆی ڕووداوێکی فڕۆکەوە گیانی سپارد.

ماشێل لە ساڵی 1975 وەک سەرۆککۆماری گەلی مۆزەمبیق دەستبەکاربوو، دوای ئەوە لە تەمەنی پەنجا ساڵیدا بەهۆی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکەی لە نزیک شاری مبوزینی لە باشووری ئەفریقا گیانی سپارد.

سەبارەت بە سەرۆک کۆماری پاکستان، محەمەد زیا ئەلحەق، لە 17ـی ئابی 1988 لە ڕووداوێکی فڕۆکەدا گیانی سپارد.

ئەو فڕۆکەیەی هەڵیگرتبوو لە نزیک شاری موڵتان نزیک سنووری هیندستان لە ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە کەوتە خوارەوە، کە لە گەشتەکەیدا ژمارەیەک فەرماندەی باڵای سوپای پاکستان لەگەڵدا بوو.

لە مێدیاکاندا، باس لەوەکرا، دوای چەند خولەکێک لە بەرزبوونەوەی فڕۆکەکە لە ئاسماندا تەقیوەتەوە،  ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی هیچ یەک لە سەرنشینەکان ڕزگاریان نەبووە.

جۆن گەرەنگ

لە 26ـی شوباتی 2004 فڕۆکەکە کە بۆریس ترایکۆڤسکی سەرۆککۆماری مەقدۆنیای هەڵگرتبوو لەگەڵ شەش یاریدەدەر و دوو فڕۆکەوانەکەی کەوتنە خوارەوە. ئەو فڕۆکەیە لە باشووری بۆسنە لە کاتێکدا خۆی ئامادە دەکرد بۆ نیشتنەوە لە مۆستار کەوتە خوارەوە.

دوای نزیکەی ساڵێک، لە ئابی 2005، جێگری یەکەمی سەرۆکی سوودان لەو کاتەدا، جۆن گەرەنگ، دوای ئەوەی ئەو کۆپتەرەی کە تێیدا گەشت دەکرد و لە ئۆگاندا دەهات، کەوتە خوارەوە.

گەرەنگ کە لە تەمەنی 60 ساڵیدا گیانی سپارد، بڕیار بوو یەکەم سەرۆکی باشووری سودان بێت دوای جیابوونەوەی فەرمی لە سوودان لە 9ـی تەمموزی 2011.

لە 10ی نیسانی ڕابردوودا، لیچ کاچینسکی، سەرۆکی پۆڵەندا لەگەڵ فەرماندەکانی سوپای وڵاتەکەی بەهۆی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکەکی لە نزیک شاری سمۆلێنسکی ڕووسیا گیانیان سپارد.

Fly Erbil Advertisment