کاردانەوەی وڵاتان سەبارەت بە گیانسپاردنی ئیبراهیم ڕەئیسی

بەرپرسان و مێدیاکانی دەوڵەتی ئێران ڕایانگەیاند، ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران کە لەمێژە وەک جێگرەوەیەکی ئەگەری عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران سەیر دەکرێت، بەهۆی کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرێکەوە لە ناوچەیەکی شاخاوی نزیک سنووری ئازەربایجان گیانی سپارد.

کاردانەوەی وڵاتانی عەرەبی سەبارەت بەم هەواڵەی گیانسپاردنی سەرۆککۆماری ئێران؛

لە ئەبوزەبی، سەرۆکی ئیمارات شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" ڕایگەیاند، سەرەخۆشی و هاوخەمیی قووڵم بۆ سەرکردایەتی و گەلی کۆماری ئیسلامی ئێران بە بۆنەی کۆچی دوایی سەرۆک ئیبراهیم ڕەئیسی هەیە.

سەرۆکی ئیمارات دووپاتیشی کردەوە، "هاوسۆزی ئیمارات لەگەڵ ئێرانە لەم هەلومەرجە سەختەدا".

لە دەوحە، شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر لە پلاتفۆرمی "X" نووسیویەتی، سەرەخۆشی خۆم بۆ حکوومەت و گەلی کۆماری ئیسلامی ئێران بە بۆنەی کۆچی دوایی سەرۆک ئیبراهیم ڕەئیسی دەردەبڕم.

لە قاهیرە، سەرۆکایەتیی میسر ڕایگەیاند، سەرۆک عەبدولفەتاح سیسی، هاوسۆزیی کۆماری میسری عەرەبی لەگەڵ سەرکردایەتیی و گەلی ئێران لەم کارەساتە گەورەیەدا دەردەبڕێت.

دیمەشق، بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا بەبۆنەی کۆچی دوایی ڕەئیسی سەرەخۆشیی لە ڕێبەری ئێران کرد.

لە بەغدا، عێراق لە بەیاننامەیەکی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، پاڵپشتیی خۆی بۆ گەلی ئێران و سەرکردەکانی ئێران لەم ڕووداوە دڵتەزێنەدا دەربڕی.

ڕاشیگەیاند، "بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی مردنی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ئیسلامی ئێران؛ حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوە و هاوەڵەکانیانمان لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەیان لە باکووری ئێران، بیست".

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا سەرەخۆشی و هاوخەمیی خۆی بۆ عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، حکوومەت و گەلی ئێران دەربڕیوە.

لە لوبنان، حزبوڵڵا بە بۆنەی کۆچی دوایی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران و وەزیری دەرەوە، سەرەخۆشی لە ڕێبەری ئێران کرد.

هەروەها بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی وێڕای ماتەمینی بۆ کۆچی دوایی سەرۆک کۆماری ئێران و ستایشی "هەڵوێستە شەرەفمەندەکانی لە پشتیوانی لە دۆزی فەڵەستین" کرد.

لە مۆسکۆ، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، بە بۆنەی کۆچی دوایی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران، سەرەخۆشی کرد.

لە شاری ئیسلام ئابادی پاکستان، ماتەمینی بۆ سەرۆک کۆماری ئێران و شاندی یاوەری، لە ڕووداوێکی کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرێکدا گیانیان سپارد ڕاگەیاند.

شێهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان لە پێناو ڕێزگرتن لە گیانسپاردنی ڕەئیسی و هاوەڵەکانی لە ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەدا ڕۆژێک ماتەمینی لە پاکستان ڕاگەیاند.

شەریف لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی: "ئێمە سەرەخۆشیی و هاوخەمیی دڵسۆزانەمان بۆ ئێران بۆ ئەم خەسارە ترسناکە دەردەبڕین".

لە نیودەلهی، نارێندرا مودی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان ڕایگەیاند، هەست بە خەمێکی قووڵ دەکەم بەهۆی گیان سپاردنی سەرۆککۆماری ئێران، ئیبراهیم ڕەئیسی هاوخەمی و هاوسۆزیی خۆی بۆ گەلی ئێران دووپات کردەوە، هەروەها بەهۆی ئەم ڕووداوە ماتەمینی لە وڵاتەکەی ڕاگەیاند.

لە برۆکسل، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەورووپا کۆچی دوایی سەرۆککۆماری ئێران، سەرەخۆشی خۆی دەربڕی.