ئەحەد دۆڵەمەڕی: هۆی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی ڕەئیسی لە ڕێگەی سندووقە ڕەشەکەوە دیاری دەکرێت
بەڕێوەبەری فڕۆکەوانیی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، خاوەنی کۆمپانیای هێلیکۆپتەرەکە لەڕێگەی کەسانێکی پسپۆڕ فڕۆکەوانی بەدواداچوون بۆ فڕۆکەکە دەکات و لە ڕێی سندوقە ڕەشەکەوە هۆی کەوتنەخوارەوەکەی ئاشکرا دەکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 20ـی ئایاری 2024، موقەدەمی فڕۆکەوان ئەحەد دۆڵەمەڕی، بەڕێوەبەری فڕۆکەوانیی پارێزگای هەولێر، لەمیانی گەشتی هەواڵی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هێلیکۆپتەر، وەک هەر باڵەفڕێکی دیکە دەکرێت تووشی کارەسات و کەوتنەخوارە ببێت.
بەگوتەی ئەو بەڕێوەبەرە، "هێلیکۆپتەر یاخود هەر فڕۆکەیەکی دیکە، ئەگەر لە ئاسماندا تووشی هەر ڕووداوێک بێت، خاوەن کۆمپانیاکە کەسانێک دەنێرێت بۆ ئەو وڵاتەی کە ئەو فڕۆکەی لێ کڕدراوە، بۆ ئەوەی لێکۆڵێنەوە و بەدواداچوون بکرێت، ئەگەر کێشەیەکی تەکنیکی لە فڕۆکەکە ڕوو بدات، هەرچی فڕۆکەی لەو جۆرە لە وڵاتان هەیە، ئاگادار دەکرێنەوە و چی دی ڕێگە بە فڕینیان نادرێت.
ئەو بەڕێوەبەرە گوتیشی، "فڕۆکەی ئێمە جۆری "ئێم دی 530" لە ساڵی 2014، ئەم جۆرە فڕۆکە لە ئەفغانستان بەهۆی ئەوەی هەندێک کێشەی تەکنیکی هەبوو، لە یەکێک لە شوێنەکانی ئەفغانستان کەوتەخوارەوە، پشکنەرەکان بۆیان دەرکەوت کێشەیەکی تەکنیکی هەیە، لە خودی کۆپتەری کۆمپانیاکە، بووەتە هۆی کەوتنەخوارەوەی ئەو کۆپتەرەی ئەفغانساتان. بۆیە هەموو فڕۆکەی لەو جۆرە بە کۆپتەری ئێمەشەوە ڕاگیران، تا ئەو کاتەی بەدواداچوون و چاکردنەوەی بۆ دەکرێت ئینجا دەتوانرێت بەکار بهێنرێت".
ئەحەد دۆڵەمەڕی ڕاشیگەیاند، "ئەم فڕۆکەی سەرۆککۆماری ئێران بەهەمان شێوە لەلایەن کەسانێکی پسپۆڕی فڕۆکەوانی لێکۆڵینەوە سەبارەت بە ڕووداوەکە، ئایا ئەم ڕووداوە بەهۆی هەڵەی تەکنیکی بووە، یاخود هۆیەکی دیکەی لە پشتەوە بووە، چونکە ئەوە سندووقی ڕەشی دیارە و زانیارییەکانی تێیدا هەڵگیراوە، ئەگەر هەر کێشەیەک دەرکەوێت، لە هەموو داتاکان لە سندوقەکە ڕەشەکەدا دیاری دەکرێت".