سعوودیە 105 فڕۆکەی جۆری ئێرباس دەکڕێت

کۆمپانیای هێلی فڕۆکەوانی سعوودیە کە خاوەندارێتییەکەی بۆ حکوومەت دەگەڕێتەوە ئەمڕۆ دووشەممە بڵاوی کردووە، لە گرێبەستێکی مێژوویی لە بواری فڕۆکەوانیدا، گەورەترین گرێبەستی کڕینی فڕۆکەی جۆری ئێرباس ڕادەگەیەنێت.
کۆمپانیاکە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە کە حکوومەتی سعوودیە لە ڕێککەوتنێکی مێژوویدا لەگەڵ کۆمپانیای ئێرباس گەورەترین گرێبەست لە مێژووی فڕۆکەوانیی سعوودیە ڕادەگەیەنێت. ئەم هەنگاوەشی لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ دووشەممە 20ی ئایاری 2024 یەکەم ڕۆژی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی داهاتووی فڕۆکەوانی کە لە ڕیاز بەڕێوە دەچێت.
مێدیاکانی سعوودیە بڵاویان کردووەتەوە، ئەمڕۆ لە یەکەم ڕۆژی چالاکییەکانی کۆنفرانسی فڕۆکەوانی 2024 لە ڕیاز 70 ڕێککەوتن بە بەهای گرێبەستەکان 12 ملیار دۆلار، مۆر کراون.
لە بارەی ڕێککەوتنە مێژووییەکەی سعوودیە و کۆمپانیای ئێرباس، ئیبراهیم عەبدولڕەحمان عومەر بەڕێوەبەری گشتیی کۆمەڵەکەی فڕۆکەوانی سعوودیە و بینوا دی سانت ئیکزۆبێری جێگری سەرۆکی جێبەجێکاری بەشی فرۆشتنی بازرگانی کۆمپانیای ئێرباس ڕایان گەیاندووە، بە گوێرەی ئەو ڕێککەوتنەی کردوویانە، هێلی فڕۆکەوانی سعوودیە دەبێتە خاوەت 54 فڕۆکەی جۆری A321neo، هەروەها ئەدیل 12 فڕۆکەی جۆری A320neo و 39فڕۆکەی جۆری A321neoدەردەگرێت
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمەڵەی فڕۆکەوانی سعوودیە ڕایگەیاندووە، ئەو هەنگاوەی گرێبەست کردن لەگەڵ ئێرباس زۆرگرنگە بۆ بەدیهێنانی پلانی ستراتیجیی نیشتمانی کە ئامانجێتی قەبارەی ساڵانەی گواستنەوەی گەشتیاران بگەیەنێت 330 ملیۆن گەشتیار، لەگەڵ پلانی پێشوازیی لە 150 ملیۆن کەس، لە نێویشیاندا تەنیا بۆ ڕێوڕەسمی حەج و عومرە پێشوازیی لە 30 میلۆن زیارەتکاری عەمرە بکات.