قیز قه‌ڵاسی، ئه‌و به‌نداوه‌ی بووه هۆی كۆتاییهێنان به ژیانی سه‌رۆكی ئێران
K24 – هەولێر:
ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ڕێوڕه‌سمی كردنه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی به‌نداوێك له ئازه‌ربایجان به‌ڕێوه چوو و تێیدا ئیبراهیم ڕەئیسی، سه‌رۆكی كۆچكردووی ئێران و ئیلھام عەلیێڤ، سه‌رۆكی ئازه‌ربایجان به‌شدار بوون، به‌ڵام به‌نداوه‌كه بووه هۆی كۆتاییهێنان به ژیانی سه‌رۆكی ئێران.
پڕۆژه‌ی به‌نداوی "قیز قه‌ڵاسی" سێیه‌مین به‌نداوی سنووری هاوبه‌شیی نێوان ئێران و ئازه‌ربایجانه و ئه‌ندازیارانی ئێرانی دیزایینیان كردووه.
به‌نداوی "قیز قه‌ڵاسی" به گه‌وره‌ترین پڕۆژه‌ی ئاویی له ناوچه‌ی سنووری باكووری ڕۆژئاوای ئێران داده‌نرێت و پێشبینی ده‌كرێت ساڵانه بڕی دوو ملیار مه‌تر سێجا، ئاو گل بداته‌وه.
ئه‌م به‌نداوه ده‌كه‌وێته ناوچه‌ی ئافه‌رین له پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، باکووری ڕۆژئاوای ئێران و بە توانای 62 ملیۆن مەتر سێجا، ئاو بۆ تۆڕەکانی ئاودێری و ئاوەڕۆ لە پارێزگای خودا ئافه‌رین، دابین دەکات.
هه‌روه‌ها وێستگەیەکی کارەبای ئاوی له ده‌وروبه‌ری به‌نداوه‌كه و په‌یوه‌ست به به‌نداوه‌كه دروست ده‌كرێت، كه 270 مێگاوات کارەبا لە کاتژمێرێکدا بەرهەم ده‌هێنێت.
گرنگترین ئامانجەکانی دامەزراندنی ئەم بەنداوە کۆنترۆڵکردنی لافاو، دابینکردنی ئاوی خواردنەوە، کشتوکاڵ و ژینگەیە، جگە لە قۆستنەوەی توانا هاوبەشەکانی هه‌ردوو وڵات بۆ پەرەپێدانی هاوکارییەکان.
نۆ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر هه‌ردوو وڵاتی ئێران و ئازه‌ربایجان ڕێككه‌وتنی هاوكاریی و هاوبه‌شییان سه‌باره‌ت به به‌رده‌وامیدان به دروستکردن و کارپێکردنی هاوبەشی بەنداوەکانی "خودا ئافه‌رین" و "قیز قه‌لعه‌سی"و وێستگەکانی کارەبا کە دەکەونە سەر ڕووباری ئاراس له سنووری هاوبەشی نێوان ئێران و کۆماری ئازەربایجان، ئیمزا كرد.
ئیبراهیم ڕەئیسی، سه‌رۆكی كۆچكردووی ئێران له دوا گوتاری خۆیدا سه‌رنجی بۆ ئه‌وه ڕ‌اكێشا بوو، كه ڕووباری ئاراس به‌رده‌وام ئه‌لقه‌ی په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌ردوو گه‌لی ئێران و ئازه‌ربایجانه.
ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، 19ـی ئایاری 2024، هێلیکۆپتەری ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکی كۆچكردووی ئێران و یاوەرانی بەهۆی نالەباری کەشوهەواوە لە سنووری پارێزگای تەورێز کەوتە خوارەوە. دوای 18 کاتژمێر گەڕان، هێلیکۆپتەرەکە بە تێکشکاوی دۆزرایەوە و مێدیای فەرمی وڵاتەکەش ڕایگەیاند، سەرجەم سەرنشینانی هێلیکۆپتەرەکە کە نۆ کەس بوون، مردوون و دیارترینیشیان ڕه‌ئیسیی و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێرانن.