رۆیتەرز: دانوستانی شاندی ئێران و نێوەندگیرانی قەتەر لە دەوحە چووە سێیەمین رۆژەوە

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاوی کردەوە شاندێکی دانوستانکاری ئێران بۆ سێیەم رۆژی لەسەریەک لە دەوحە لەگەڵ نێوەندگیرە قەتەرییەکان بە هەماهەنگیی واشنتن لە گفتوگۆدایە؛ ئەم هەنگاوە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە مەترسییەکانی هەڵگیرسانەوەی جەنگ لە دوای هەڵبژاردنەکانی ٣ی نۆڤەمبەری ئەمریکا لە لووتکەدان و تاران بە فەرمانی رێبەری باڵای وڵاتەکە هێزەکانی خستووەتە ئامادەباشیی تەواوەوە.

یەکشەممە 1ـی تشرینی دووەمی 2026، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە، شاندێکی دانوستانکاری ئێران بۆ سێیەمین رۆژی لەسەریەک لە شاری دەوحەی پایتەختی قەتەر لە گفتوگۆدایە لەگەڵ نێوەندگیرەکان، بە مەبەستی دۆزینەوەی نەخشەڕێگەیەک بۆ رێککەوتن و راگرتنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران.

بەپێی زانیارییەکانی رۆیتەرز، گفتوگۆ چڕەکان لە کاتێکدا لە دەوحە بەڕێوە دەچن کە نیگەرانییە نێودەوڵەتییەکان لە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی جەنگ و هێرشی نوێ پاش تەواوبوونی هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێسی ئەمریکا لە 3ی تشرینی دووەم لە لووتکەدایە.

سەرچاوە ئاگادارەکە ئاشکرای کردووە کە نێوەندگیرە قەتەرییەکان سەرەتا رۆژی هەینی لە تاران لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران کۆبوونەتەوە و پاشان رۆژی شەممە گفتوگۆکان گواستراونەتەوە بۆ دەوحە، و سەرجەم هەنگاوەکانیش بە هەماهەنگیی بەردەوام لەگەڵ واشنتن بەڕێوە دەچن.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێشتر رایگەیاندبوو، پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان هیچ هێرشێکی نوێ بۆ سەر ئێران ئەنجام نادرێت و گفتوگۆکانی لەگەڵ تاران بە بەرهەمدار وەسف کردبوو، بەڵام بژاردەی دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە دوای هەڵبژاردنەکان بە کراوەیی هێشتووەتەوە.

دوێنێ مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دووپاتی کردبووەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هێشتا بڕیاری کۆتایی لەبارەی ئەنجامدانی هێرشی نوێ نەداوە و پێ پێی باشترە لە رێگەی دیپلۆماسییەوە گرێکوێرەی قەیرانەکە بکرێتەوە.

لە بەرامبەردا، تاران چەندین جار هۆشداریی داوە کە هەر پەلامارێکی نوێ بە لێدانی پێگە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە وڵاتانی ناوچەکە وەڵام دەداتەوە. لەم چوارچێوەیەدا، رۆژی شەممە ئایەتوڵڵا سەید موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران لە بەیاننامەیەکدا فەرمانی بە هێزە چەکدارەکان کرد لە ئامادەباشیی تەواودا بن بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێک، و دوابەدوای ئەوەش سوپای ئێران بەرزکردنەوەی ئاستی تواناکانی بەرگریی راگەیاند.

ئەم جموجۆڵە چڕە دیپلۆماسییەی قەتەر لە کاتێکدایە کە جەنگەکە پێی ناوەتە مانگی هەشتەمەوە و بەهۆی ئاڵۆزییەکانی گەرووی هورمز و کایەی دەریایی ناوچەکە، بازاڕی نەوت و وزەی جیهانی تووشی قەیرانێکی گەورە بووە.