فەرحان جەوهەر: گیانلەدەستدانی ئیبراهیم رەئیسی نابێتە هەژانی دەسەڵاتی ئێران
شارەزایەکی سیاسی پێی وایە، گیانلەدەستدانی ئیبراهیم ڕەئیسی، نابێتە هەژانی دەسەڵاتی ئێران، چونکە دەسەڵاتەکان لەلای ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران خامنەییە.
رۆژی دووشەممە(20ـی ئایاری 2024)، فەرحان جەوهەر، شارەزای سیاسیی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، گیانلەدەستدانی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکی ئێران و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، کاریگەری لەسەر دەوڵەتی ئێران دروست ناکات، چونکە دەسەڵاتی لەوە بەرزتر لە وڵاتەکە هەیە کە ئایەتوڵڵا خامنەییە، دەڵێت، خامنەیی ناهێڵێت حکوومەت بکەوێت و ئێران دەتوانێ ئەو قەیرانە تێبپەڕێنێت.
فەرحان جەوهەر پێی وایە، ئێران توانای پڕکردنەوەی بۆشاییەکانی هەیە، دەتوانێت بەپێی دەستوور لەماوەی 50 رۆژ سەرۆکێک هەڵبژێرێت.
دەشڵێت، گیانلەدەستدانی حوسێن ئەمیر عەبوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوە، کاریگەری لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئێران نابێت، چونکە سیستەمەکان کارەکان ڕێک دەخات، سیاسەتی ئێران جێگیرە و وەک خۆی دەمێنێتەوە.
ئەو شارەزایە پێی وایە، هەرچەند کەسەکان کاریگەرییان هەبێ لەسەر سیاسەتەکانی ئێران ئەگەر جێگیریش بێت، بەڵام هێلە گشتییەکانی سیاسەتی ئێران دیاریکراوە، لەبەر ئەوە گیانلەدەستدانی ڕەئیسی و تیمەکەی کاریگەری دروست ناکات و گۆڕانی بەسەردا نایێت.
دەشڵێت، ئیبراهیم رەئیسی هەوڵی باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێرانی دەدا، سەرۆکی نوێ هەمان سیاسەت بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکات.