بۆ دیاریکردنی سەرۆککۆمارێكی نوێ بۆ ئێران، مانگی داهاتوو هەڵبژاردن به‌ڕێوه‌ده‌چێت

وەزارەتی ناوخۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران  بە نیازە 38 رۆژی دیکە، هەڵبژاردنێک بۆ دیاریکردنی سەرۆککۆماری نوێی ئەم وڵاتە بەڕێوە ببات.

گوتەبێژی ناوەندی هەڵبژاردنی ئێران ئاشکرای کرد، وەزارەتی ناوخۆ، ڕۆژی هەشتی پووشپەڕ واتا 28ی حوزەیرانی وەک ڕۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری پێشنیار کردووە. گوتیشی ئەگەر ئەم ڕۆژە لە لایەن ئەنجومەنی پاراستنی دەستوورەوە پەسند بکرێت، ئەوا بەربژێرەکان لە هەشت رۆژی دیکەوە دەتوانن ناوی خۆیان بۆ بەشداری لەم هەڵبژاردنە تۆمار بکەن.

بە گوێرەی دەستووری ئیران لە ئەگەری نەمانی سەرۆککۆماردا دەبێ لە ماوەی 50 ڕۆژدا هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری بەڕێوەبچێت و سەرۆککۆمارێکی نوێ بە دەنگی هاووڵاتیان هەڵبژیردرێت.

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، 19ـی ئایاری 2024، هێلیکۆپتەری ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکی كۆچكردووی ئێران و یاوەرانی بەهۆی نالەباری کەشوهەواوە لە سنووری پارێزگای تەورێز کەوتە خوارەوە. دوای 18 کاتژمێر گەڕان، هێلیکۆپتەرەکە بە تێکشکاوی دۆزرایەوە و مێدیای فەرمی وڵاتەکەش ڕایگەیاند، سەرجەم سەرنشینانی هێلیکۆپتەرەکە کە نۆ کەس بوون، مردوون و دیارترینیشیان ڕه‌ئیسیی و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێرانن.