وەزیری ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل: داگیرکردن و کۆنتڕۆڵکردنی غەززە بەس نییە

ئیتیمار بن گڤیر، وەزیری توندڕەوی ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، داگیرکردنی تەواوی غەززە و کۆنترۆڵکردنی بەس نییە، بەڵکو گرنگترین شت هاندانی فەڵەستینییەکانە بۆ کۆچکردن .

ئیتیمار بن گڤیر، وەزیری توندڕەوی ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل لە هەڤپەیڤینێکدا لە ماڵپەڕی "کیکار هەشبات"ـی ئیسرائیلی، دیدگای خۆی بۆ داهاتووی غەززە خستەڕوو وگوتی: "داگیرکردنی تەواوەتی غەززە و کۆنترۆڵکردن و نیشتەجێکردنی جووەکان لە غەززە، بەس نییە".

ئاماژەی بەوەشکرد، "هەنگاوێکی دیکە هەیە، کە گرنگترین هەنگاوە، ئەویش هاندانی فەڵەستینییەکانە بۆ ئەوەی خۆبەخشانە کۆچ بکەن".

دوێنێ دووشەممە، بن گڤیر داوای لە سەرۆکوەزیرانی بنیامین ناتانیاهۆ کرد، چاوپۆشی لە دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان و داواکاری گشتییەکەی بکات و بە "دژە جوو" وەسفی کرد.

هەروەها بن گڤیر داوای کرد شەڕی غەززە چڕتر بکاتەوە تا ئەو کاتەی حەماس "شکستێکی قورسی" تووش دەبێت.

زیاتر لە شەش مانگە شەڕی چەکدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە بەردەوامە و بە گوێرەی دوا ئاماری وەزارەتی تەندروستیی سەر بە حەماس، ژمارەی کوژراوانی کەرتی غەززە گەیشتووتە زیاتر لە 35 هەزار و 535 کەس و کۆی بریندارانیش گەیشتووەتە زیاتر لە 77 هەزار و 704 کەس.