ئوردن: ئیخوان مەشقی سەربازی بە منداڵان دەكات

ئیخوانەكانی ئوردن ھاوشێوەی داعش، منداڵان رادەھێنن

بە گوێرەی زانیاریی دەزگا ئەمنی و ھەوڵگرییەكانی ئوردن، دەزگا تایبەتمەندەكانی ئەو وڵاتە خیوەتگایەكی مۆڵەت پێنەدراوی ئەندامانی ئیخوانیان ئاشكرا كردووە، كە تیایدا ھاوشێوەی سەربازگەكانی داعش لە سووریا و عێراق مەشق و راھێنانی سەربازی بە منداڵان دەكەن.

تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و پێگە و ماڵپەرە ئەلیكترۆنییەكانی ئەو وڵاتە ھەواڵەكەیان لەگەڵ وێنەی خیوەتگاكە و مەشق پێكردنی منداڵەكانیان بڵاو كردەوە، كە ھاوشێوەی سەربازگەكانی (داعش)ن لە سووریا و عێراق، ئەوەی بە سەربازگەی (بەچكەشێرانی خەلافەت) ناویان دەبات. لە بەرامبەردا محەممەد ئەلزیود، ئەمینداری گشتیی بەرەی كاری ئیسلامی (باڵی سیاسیی ئیخوان) ھەواڵەكەی رەت كردەوە و بە (درۆ و بوختان) وەسفی كرد.  

بڵاوبوونەوەی ئەو راپۆرت و ھەواڵ و زانیارییانە ھاوكاتە لەگەڵ ھەڵمەتەكانی ھەڵبژاردنی پەرلەمان، كە تیایدا كۆمەڵەی ھەڵوەشاوەی ئیخوان دەیەوێ لەژێر چەتری (ھاوپەیمانیی نیشتمانی بۆ چاكسازی) بەشداری تێدا بكات. ئەو ھاوپەیمانێتییەی حزبی بەرەی ئیسلامی بە بیست لیست كە 122 كاندید لەخۆی دەگرێت، بەشداری تێدا دەكات.