لە عێراق 17 هەزار بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر هەن

ماددەی هۆشبەر
ماددەی هۆشبەر

بەهێز بە و بەماددەی هۆشبەرەکان بڵێ نەخێر، دروشمی چالاکییەکی تایبەتی خوێندکارانی زانکۆی سلێمانیە، کە لە ڕێگای برۆشوورێکەوە هۆشیاری بەناو گەنجان بڵاو دەکەنەوە، لە کاریگەرییەکانی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر، ئامانجیانە وەک خوێندکارانی زانکۆ، لە هۆشیارکردنەوەی گەنجان ڕۆڵیان هەبێت.

یاد دانا، ڕێکخەری پڕۆژەی بەکارنەهێنانی ماددەی هۆشبەر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئیشەکانی ئێمە زیاتر دەربارەی هۆشیارکردنەوەی گەنجانە، چونکە گەنجان نەوەی داهاتوون، گەنجانن کە دەبنە باوکی مناڵەکانمان لە داهاتوودا، ئێمەش زیاتر ئیش لەسەر پاراستنی منداڵ دەکەین، هەر لەم سۆنگەیەوە ئەم هەڵمەتەمان ڕاگەیاندووە.

بەپێی ئامارە نێودەوڵەتیەکان لەسەر ئاستی جیهان ئامارەکانی ئاڵوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر نزیک دەبێتەوە لە 300 هەزار کەس، بەپێی ئەو ئامارانەی لەسەر ئاستی عێراقیش خراونەتەڕوو 17 هەزار کەس بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەرن، ڕێژەی بەکارهێنان لە نێوان تەمەنی 13 ساڵ بۆ 6 ساڵ تۆمار کراوە، مامۆستانی زانکۆش لە ڕێگای نەخشە ڕێگایەکەوە ئامانجیانە هۆشیاری زیاتر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر بڵاو بکەنەوە.

لەوبارەوە لوقمان ساڵح، مامۆستای زانکۆ، بە کوردستان24ـی گوت: "ئەمڕۆ مەترسیەکە لەوەدایە بەردەوام تەمەنی بەکاربردنی ماددەی هۆشبەرەکان دائەبەزێت، لەجیاتی 6 ساڵ و 50 ساڵ، 14 ساڵ و 13 ساڵ ماددە فریوەکان و بۆنی هەندێک ماددەی تر دەکەن، هەروەها ژمارەکە لەڕووی ئاسۆییەوە بەردەوام ڕوو لە زیادبوونەوە و بەکارهێنانی ماددەی مەترسیدارتر دیسان ڕوو لە هەڵکشانە، هەموو ئەمانە پێمان ئەلێن کە هەڕەشەیەک بەڕێگاوەیە".

مامۆستایەکی دیکە بەناوی ژیا عەباس دەڵێت: ئیشی ئێمە ئەوەیە کە لەگەڵ ڕێکخراوەکاندا لەگەڵ دامودەزگاکانی حکوومەت پەیوەندیەکی باش دروست بکەین، بەوەی کە هەموومان بەیەکەوە ئیش لەسەر پاراستنی تاکەکانی کۆمەڵگاکەمان بکەین لە مەترسی ماددە هۆشبەرەکان.

بەرزبوونەوەی ئامارەکانی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر بەتایبەت لەناو گەنجاندا بەزەنگێکی مەترسیدار دادەنرێت، بۆیە سەکۆی زانکۆ و پەیمانگاکان کراونەتە ناوەندێک بۆ هۆشیارکردنەوەی گەنجان لە مەترسیەکانی ماددەی هۆشبەر